سبەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا
بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سبەی سێشەممە وەفدەكەی حكومەت دەچێتەوە بەغدا.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، چاوەڕاندەكرێت وەفدەكە دیسان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
گوتیشی: \"لە كۆبوونەوەی ئەمجارەدا دەچنە نێو وردەكارییەكانی نەوت و بودجەو پارەی پێشمەرگە\"" .
.
لەدوایین سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كە 25-12-2013 ئەنجامدرا، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتنو بەغدا بۆ یەكەمجار پاڵپشتی خۆی بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی راگەیاند.
رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا بریتییە لەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت و ئەو نەوتەی دەنێردرێتە دەرەوە دەبێ بڕەكەی بپێورێت، هەروەها دەبێ بە نرخی بازاڕی جیهانی بفرۆشرێت، داهاتەكانی نەوتیش دەبێ بچێتە سندووقی گەشەپێدانی عێراق DFI لە نیویۆرك، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و لەڕێگەی بودجەوە بەسەر وەزارەتەكان و هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت بەپێی رێژەی 17%.
رووداو
"
