پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی
ئهمڕۆ سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئهم پهیامهی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك بڵاوكردوه، ئهمهش دهقهكهیهتی:
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی
بەبۆنەی كۆتایهاتنی ساڵی 2013 و دەستپێكی ساڵی تازەی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتییە خۆشەویستەكان و گشت چین و توێژ و لایەنە سیاسییەكان و خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق دەكەم. هیوادارم ساڵی 2014ـی زایینی ساڵی پتەوتربوونی بنەماكانی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی بێت لە وڵاتەكەمانداو، ساڵی گەشەی ئابووری و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵك و سەقامگیریی لە هەرێمی كوردستاندا بێت.
ئێستا كە لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكان دەكەم لە پێكهێنانی حكوومەتدا، خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەرووی هەموو بەرنامەكانیانەوە. ئەمە دەرفەتێكی لەبارە بۆئەوەی هەموو لایەك هەوڵ بدەن بەپێی بەرنامەیەكی ڕێكوپێك و ڕوون ڕووبەڕووی گەندەڵی و هەموو ئەو كەموكوڕییانە ببنەوە، كە بوونەتە كۆسپ لەبەردەم پێشكەوتنی وڵاتەكەماندا. هەروەها حوكم و باڵادەستیی یاسا قووڵتر بكرێت و بەرەو بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگەكان هەنگاو بنرێت.
پێویستە لە ساڵی داهاتوودا كار لەسەر بابەتێكی زۆر گرنگ بكرێت، ئەویش نزیكبوونەوەی تەواوی گەل و دەستەڵات و، تۆختربوونی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە، كە بەهێزترین چەكن بۆ بنیاتنانی دواڕۆژێكی گەش بۆ وڵاتەكەمان و مسۆگەركردنی مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانمان.
هەر لەم بۆنەیەدا بەپێویستی دەزانم پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینی لە خوشك و براكانم لە بەشەكانی دیكەی كوردستان و ڕەوەندی كوردی لە وڵاتانی دەرەوە بكەم. هیوادارم لە ساڵی 2014ـدا كە هاوكات پێنجسەد ساڵەی شەڕی چاڵدیران و دابەشبوونی خاكی كوردستانە، دەستپێكی گەڕانەوەی شكۆو ماف و خاك بێت بۆ گەلی كوردو دۆزی ڕەوای گەلەكەمان پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و، كۆتایی بە نەهامەتییەكانی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بێت و، گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بە مافەكانی شاد ببێت.
بەو ئومێدەی لە ساڵی 2014ـدا ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتن لە هەموو جیهاندا پەرە بستێنێت و، چیدی خەڵك بە دەست شەڕ و ئاوارەیی و هەژاری و نەخۆشی نەناڵێنن.
