پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی زایینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دقەکەیەتی:





بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینەوە پیرۆزبایی گەرم لە گەلی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو جیهان دەكەین و هیوادارین ساڵی 2014 ساڵی خێر و خۆشی بێ بۆ هەمووان و كوردستانمان ئارام و پێشكەوتووتر بێ و وەكوو هەمیشە نموونەیەكی زیندووی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و پێكەوەكاركردن بێ و ئەو ئاواتانەمان بێنە دی كە لە پێناویاندا ساڵانی زۆر خەباتی هاوبەش و هاوسەنگەریی نەپساوەمان كردووە و قوربانی زۆرمان پێشكەشكردووە.



ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێنمان بە هاونیشتمانیان و شەهیدانی رێی رزگاری و قوربانیانی ئەنفال و سیاسەتەكانی راگواستن و بەكۆمەڵكوژی و گشت نەتەوە و ئایینزاكانی ئەم وڵاتە داوە كە ساڵانی داهاتوو ساڵانی كاری دامەزراوەیی و هەمەلایەنە بێ بۆ پێشكەشكردنی هەرچی زیاتری خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی كوردستان و دروستكردنی ژینگەیەكی سیاسی ئارام و لەبار بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و ئابووری و كولتووری و كاركردن لەسەر ئاستی عێراق بۆ پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە دەستوورەوە و جێبەجێكردنی ئەو بڕگەو ماددانەی دیموكراسی و شەراكەتی راستەقینە و سستمی فیدراڵی و سەروەری هەرێمی كوردستان دەچەسپێنن و رێگە لەبەردەم گەڕانەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ قەڵەمڕەوی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە. لە پێناو بەدیهێنانی ئەو بەڵێنەشدا لە هیچ ئەرك و بەرپرسیارێتییەك درێغی ناكەین و دەستی هاوكاری دڵسۆزانە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان درێژ دەكەین. هاوكات لەسەر ئاستی دۆزی رەوای گەلی كوردیشدا درێغی لە هیچ هاوكاری و پشتیوانییەك ناكەین كە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و بەدیهێنانی مافە رەواكانی كورددا بێ.

دووبارە ساڵی نوێ لە هەموو لایەك پیرۆز دەكەین و كوردستانمان هەمیشە ئاوەدان و پێشەكەوتوو بێ.



مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

31/12/2013
Top