دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەتی پۆستە سیادییەكان، كارێكی وا ئاسان نییە!

دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەتی پۆستە سیادییەكان، كارێكی وا ئاسان نییە!
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئاسۆ كەریم دەڵێ: سێ مانگ زێترە، هەڵبژاردن كراوە و هێشتا دیار نییە كەی پەرلەمان كۆتایی بە «دانیشتنە كراوەكەی- 6/11/2013» دەهێنێ و دەستەی سەرۆكایەتی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ و كارڕایی قانوونیی بۆ پێكهێنانی كابینە دەست پێ دەكرێ؟
راستە، سەرجەم لایەنە براوەكانی پەرلەمان نیاز و مەرامی بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێ دا دەربڕیوەو جەخت لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكە فراوان یان یەكڕیزیی نیشتمانی دەكەنەوە. راستە وەفدی دانوساندنكاری پارتی وەكو حزبی براوەی یەكەم دوو جاران لەگەڵ لایەنەكاندا كۆبوونەتەوەو بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە كارنامەی حكوومەت بۆ چوار ساڵی ئایندە پشكی هەمووانی تێدا بێ و هەر لایەنە بەگوێرەی قورسایی پەرلەمانی خۆی، بەشداریی لەكابینەدا بكا. ساغبوونەوەی ئەو دوو خاڵە، هەم ئاسان نییە و هەم كاتی پێ دەوێ.

ئاسۆ كەریم هەروەها لە درێژەی بابەتەكەیدا كه بەناونیشانی كابینەی هەشتەم و هەڵبژاردنی 30/ 4
دەڵێ : با لە كاودانەكان ورد بینەوە. راستە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەیانەوێ 4 ساڵی داهاتوو، 4 ساڵی هێمن و ئارام بێ و بەری رەنجی 4 ساڵی رابردوو بچننەوە. واتە بەشداری لە حكوومەتدا بكەن و بەشێك لە بەرنامەكانیان بێتە جێبەجێ كردن، تا بە «ناخب»ی خۆیان بڵێن ها ئەوەتا لەسەر بەڵێن و پەیمانی خۆمانین و «گۆڕیمان»، بەڵام بە قسان هێشتا لەنێوان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەتدا ساغ نەبوونەتەوە. لەملاو ئەولاشدا، لەناو بزووتنەوەكەدا رای وا هەیە كە 4 ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی گۆڕان قسەو رەخنەی لە «ستەمەكانی سیستەمی سیاسی» و كارهەڵسوڕاندن هەبووە. ئەگەر گۆڕانكارییان پێ لە سیستەمەكە نەكرا، هەر بەشدار دەبن؟ رەنگە كۆنگرەی ئەو حزبە لە 26ی ئەم مانگەدا، ئەو ئاراستانە ساغ بكاتەوەو بەلایەكیاندا بخات.

لە بەردەوامی بابەتەكەیدا ئاسۆ كەریم وتی: هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، چوار مانگێكی ماوە، بەڵام هەر لەئێستاوە خۆئامادەكردن و بانگەشەی پێشوەختیش دەست پێ دەكات. ئاخر بمانەوێ و نەمانەوێ هەر لایەنە حیساب بۆ قورسایی و دەنگەكانی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا دەكا وەك چۆن هەڵبژاردنی 7/3/2010دا كاریگەریی خۆی نواند لە پرۆسەی سیاسی و بڕیارو پۆستەكاندا. بەو مانایە، ئەنجامەكانی سەر ئاستی عێراقیش، بەوانەی كوردستان گرێ دەدرێنەوە. بەكورتی رەنگە هاوپەیمانێتی سیاسی و ریزبوونەوەی تازە چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێتەدی.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(958)یە.
Top