نوری مالیكی هەوڵی قۆرخكردنی دەسەڵات دەدات و ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبات

نوری مالیكی هەوڵی قۆرخكردنی دەسەڵات دەدات و ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبات
لە دیدارێكی تایبەتدا ستیفن بیدل بۆ گۆڤاری گوڵان دەڵێ: ئەوەی ئێمە لە گۆڕانكارییەكانی وڵاتانی عەرەبی بەدیمان كردووە هەرەسهێنانی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتانە بووە كە پێشتر دەوڵەتی پۆلیسی بوون، ئەمەش لە رێی قۆرخكردنی بەكارهێنانی توندوتیژی و پەرت و بڵاوكردنەوە یان پەراوێزخستنی دەنگە ناڕەزاییەكانەوە بووە. بەڵام ئەو سیستمە لە سەرەتای بەهاری عەربیدا و لە زۆرێك لە ناوچەكەدا هەرەسی هێنا. بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی پۆلیسی لە رێی تێكشكاندنی گروپە موعارەزەكانەوە حكومڕانی كردووە، ئەوا موعارەزەیەكی پێگەیشتوو و كامڵ نەبوو تاوەكو جێیان بگرێتەوە. دەرئەنجامەكەش ئەوەبوو كە ململانێیەكی پڕ لە پشێویمان بینی لە نێو ئەو گروپانەی ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت جێی رژێمەكە بگرنەوە، ئەم رێكخراوانە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی زۆرینەیاندا، بەڵام وڵات بە وڵات پەرت و بڵاوبوونەوە، جێی داخیشە ئەوە دەرئەنجامی هەوڵێكی سیستماتیكی بوو، واتە هەوڵێكی بە ئەنقەستی رژێمەكانی پێشوو بوون، كە رێگر بوون لە كامڵبوونی سیاسی نێو گروپەكانی موعارەزە. كە پێموایە زۆر زەحمەتە بتوانن بەسەر ئەمەدا زاڵبن. هەروەها باوەڕم وایە بۆ ماوەیەكی دیكەش بەردەوامبوونی ناسەقامگیری دەبینین لە ناوچەكەدا.

هەروەها ستیڤن باسی ئیسلامییەكان دەكات و دەڵێ : بە دڵنیاییەوە پارتە ئیسلامیەكان لە رووی رێكخستنەوە لە پێگەیەكی باشتردان، بە بەراورد بە پارتە ركابەرەكانیان لە ململانێ ناوخۆییەكانیاندا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دوای هەرەسهێنانی حكومەتی دەوڵەتە پۆلیسیەكانی پێشوو. كێشەی سەرەكی پارتە ئیسلامیەكان ئەوەیە یەكگرتوو نین، ئەوان ئایدۆلۆژیەكەیان بۆ بەدەستهێنانی یەكگرتوویی بەكاردەهێنن و لەبەر ئەوەی دەستیان بە هەندێ ژێرخانی ئاینی رادەگات، كە ئەمانە پێشتریش و لە سەردەمی دەوڵەتی پۆلیسیشدا بوونیان هەبووە، ئەوان هەندێ ئەفزەڵیەت و رێكخراویان هەیە كە پێگەیان باشتردەكات لە ئاست ركابەرەكانیاندا. بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە ئەمە ستراتیژیەتێكی زۆر سەركەوتوو نییە بۆ ئەوان. بۆ نموونە ئێستا سێ گروپی ئیسلامی لە سوریادا هەن كە لە پێناوی باڵادەستدا شەڕ لەگەڵ یەكتر دەكەن. بەرەی ئیسلامی و ئەلنوسرە و ISIS ...

شايان باسه بيدل وتى: هەنگاوهەڵگرتنی پارتە ئیسلامیەكان بەرەو رادیكاڵیەتی زیاتر و بەرەو توندڕەوی و توندوتیژی وایان لێدەكات زۆر مەترسیدار بن، مەترسیدار دەبن بۆ رۆژئاوا، بۆ میانڕەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بۆ خودی ئیسلامیەكانیش كە زیاتر و زیاتر رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە. بەڵام پێموایە ئەمە بەشێكی دانەبڕاوی ئەو كێشەیەیە، كە چۆن بتوانیت بونیادی دەسەڵاتی دەوڵەتی پۆلیسی پێشوو بگۆڕیت لە دوای ئەو گۆڕانكاریانەی هاتوونە ئاراوە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(958) بخوێنەوە
Top