پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی 5مین ساڵیادی دامەزراندنی كەی ئەن ئەن

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی 5مین ساڵیادی دامەزراندنی كەی ئەن ئەن
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی کەناڵی ‏KNN

بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵەكەتان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم کارمەندان دەكەم.

گەلی کورستان قۆناخی زۆر سەختی تێپەڕاند و بە سادەترین ئیمکاناتەوە بەرەوڕووی ئەو هەوڵانە دەبۆوە کە بۆ قڕکردن و بێدەنگکردنی دەدرا. مایەی خۆشحاڵییە کە ئێستا لە سایەی ئازادی و پێشکەوتنەکانەوە گەلەکەمان ئەو دەرفەتەی هەیە ڕەوایەتیی دۆزەکەی بە جیهان بناسێنێت، ئێستا کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ناوەندی ڕاگەیاندنە، گەلی کوردستان چاوی لەوەیە ڕاگەیاندن ببێتە قوتابخانەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و متمانەبەخۆبوون و بەرگرییکردن لە کێشە نەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ و ئازادی و پێکەوەژیان.

هیوادارین هەموویان پێکەوە ببنە دەنگی ڕاستەقینەی گەلەکەمان و هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بکەن و بە بەرگرییکردن لە بیری نەتەوەیی و هوشیاریی گەلەکەمان ڕێگە نەدەن دەنگ و ڕەنگی بشێوێندرێت و بڕوابەخۆبوونی لاواز بکرێت.

ئەم بۆنەیەتان لێ پیرۆز دەكەم و سەركەوتوو بن.

لەگەڵ رێزمدا
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
‏21/12/2013‏
Top