نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان پابەندبوونی خۆیان بۆ رێككەوتنی وزە دووپاتكردەوە

 نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان پابەندبوونی خۆیان بۆ رێككەوتنی وزە دووپاتكردەوە
دوێنێ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی توركیای كرد ‌و لە شاری كۆنیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبووەوە.

كاژێر 18:30 خولەكی دوێنێ سێشەممە بەكاتی هەولێر، ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی لە شاری كۆنیا لە هۆتێل دیدەمان كۆبوونەوە‌و بەپێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا پابەندبوونی ئەنقەرەو هەولێریان بە رێككەوتنی وزەی نێوان دووپاتكردووەتەوە.

سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا لەسەر بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو، كە هاوكات ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نەجیب میقاتی، سەرۆك وەزیرانی لوبنانیش بانگهێشتكرابوون بۆئەوەی بەشداریی لە رێوڕەسمی یادی مەولانای رۆمی بكەن.

دوای رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەڕێی بۆرییەوە، رۆژانە هەرێمی كوردستان 15 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیا دەكات و بڕیارە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تا كۆتایی 2014 بڕەكەی بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرزبكرێتەوە. هەناردەی ئەو نەوتەش رۆژی هەینی رابردوو دەستیپێكرد.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو نەوتەی هەناردەدەكرێت، 50%ی بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشرێتە توركیا و 50%ی دیكەشی بە نرخی بازاڕ دەنێردرێت بۆ بازاڕی نەوت لە ئەوروپا.







رووداو
Top