بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک توركیا پیشتیوانیی سەرۆك بارزانی دەكات

بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک  توركیا پیشتیوانیی سەرۆك بارزانی دەكات
هاکان ئالبایراک نووسەر و رۆژنامەنووس و نزیک لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن لە ئانکارا، لە رۆژنامەی (ستار)ی تورکیدا نووسینێکی درێژی لەژێر ئەم ناونیشانەدا بڵاو کردۆتەوە:
(ئەگەر پێویست بکات کوردستانی سەربەخۆ بە کەرکووکیشەوە..)
هاکان ئالبایراک پاش ئەوەی لە نووسینەکەیدا باس لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوە وڵاتە لەلایەن هەولێرەوە دەکات، دەنووسێت: “ئەو رێککەوتنە بەرپرسانی بەغدای خستە گێژاو و دڵەڕاوکێوە”، بەڵام ئەو پێیوایە هەردوو لا مافی خۆیانە ئەو کارە بکەن و کارەکەیان بۆ نزیکبوونەوەی کورد و تورکیا یەکێکە لە هەنگاوە هەرە باشەکان.
ئەو نووسەرە دەنووسێت: لە ئەنکارای پایتەخت سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بە بەرپرسانی تورکیای راگەیاندووە، وەرن هاوکاریمان بکەن لە دۆزی سەربەخۆبوونماندا و کەرکووکیش بگەڕێتەوە و لە چوارچێوەی کوردستاندا بێت، ئەم ئەنجامەش لەبەرژەوەندیی هەموو لایەکە.
هاکان ئالبایراک لەو نووسینەدا کە بە ڕوونی وەکو رۆژنامەنووسی بێلایەن نا، بەڵکوو وەکو یەکێک لە بەرپرس و خاوەندارانی دەوڵەتی تورکیا قسە دەکات، دەنووسێت:
ئێمە هەڵە بووین کە نەماندەهێشت کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان، گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان ترسێکی گەورە بوو بۆمان، ئێستەیش لەوە دەترسین کە عێراق پارچە پارچە بێت گوایە کەرکووک دەگەڕێتەوە نێو چوارچێوەی کوردستان و بەو شێوەیەیش کورد بەهێز دەبێت. بەڵام بۆ نا؟ بەو کارەمان کە نەمانهێشت کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان، ئێمە تەنها سوودمان بە مالیکی گەیاند و نانی ئەو کەوتە رۆنەوە.
هاکان ئالبایراک لەو پەیوەندییەدا هەروەها دەنووسێت: راستییەکەی کوردستان بە کەرکووکەوە دەبێت بە کوردستانێکی بەهێز و دەوڵەمەند، ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەیش دەبێ بە هاوسێی تورکیا. ئەودەم هەم کوردەکان و هەم تورکیایش خێر و بێریان بەسەردا دەڕژێت.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا هاکان ئالبایراک دەڵێت: خەریکە ترسی دروستبوونی کوردستانی سەربەخۆ لە دڵماندا بڕەوێتەوە، پێموایە ئەنکارا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە دروستبوونی کوردستانی سەربەخۆ کارێکی ئاساییە، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بە کەرکووکیشەوە.



(باس)
Top