بازرگانی ئێرانی لە حاجی ئۆمەران بۆ ماوەیەکی کاتی رادەوەستێ
ئەمرۆ دووشەممە قایمقامی پیرانشار لەبارەی داخرانی سنوری بازرگانی تەمەرچین و حاجی ئۆمەران رایگەیاند: بەهۆی بەفربارینی چەند رۆژی رابردوو هاتوچۆی گەشتیار لە سنوری تەمەرچین ئاساییە بەڵام هاوردەو ناردەی شمەک راگیراوەو لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست پێدەکاتەوە.
ئروج موجاهیدی گوتیشی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بە نووسراو پێیان راگەیاندووین ئامادەی وەرگرتنی شمەکی ئێرانی تا چەند رۆژی داهاتوو نین و ئێمە بە شۆفێر و بازرگانەکان رادەگەیەنین هەرکات لایەنەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی خۆیان بۆ وەرگرتنی کاڵاو شمەکەکان دەربری ئەوا دەتوانین مۆڵەتیان پێدەین دەست بە بازرگانی بکەنەوە. لەوبارەیەوە عەبدولواحید گوانی قایمقامی چۆمان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ئێمە هەموو رێگاکانمان خاوێن کردوەتەوەو هیچ کێشەیەک لە هاوردەو ناردەکردنی شمەک لە سنوری حاجی ئۆمەراندا نیە، بەڵام لایەنی ئێرانی نەیتوانیوە کەرەستەی پێویست بۆ خاوێنکردنەوەی رێگاکان دابین بکات بۆیە رێگا لای ئەوانەوە گیراوە و لە ئێستەدا لە سنوری حاجی ئۆمەران هەموو ئامادەکارییەک بۆ بازرگانی لە لایان هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
باسنیوز
