نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەلعەربیە: گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان یاسایین و لە چوار چیوەی دەستووری عێراق دایە

نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەلعەربیە: گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان یاسایین و لە چوار چیوەی دەستووری عێراق دایە
ئەلعەربیە: زۆر سوپاس بەڕێز بارزانی بۆ سازدانی ئەم دیمانەیە، با لەپرسی بۆڕی نەوتەوە دەست پێبكەین كە بەنیازن لەڕێگەیەوە نەوت بۆ توركیا بنێرن و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین سەردانتان بۆ توركیا ئەنجامدا، بەڕێز حوسێن شەهرستانی یەكەمجار بە شێوەیەكی ئاشكرا گوتی هەرێمی كوردستان نەوت بە قاچاخ دەنێرێتە دەرەوە بەڵام دواتر گوتی دەمانەوێ لیژنەیەكی دوو قۆڵی ئەو مەسەلەیە چارەسەر بكات نەوەكو سێ قۆڵی واتا لە نێوان بەغدا و توركیا چارەسەر بكرێت، ئایا ئەو پرۆژەیە هێشتا ماوە؟ ئێوە ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینن؟

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ رێزم بۆ بەڕێز شەهرستانی، بەڵام بەكارهێنانی وشەی (تهریب) لێرەدا شتێكی زۆر هەڵەیە، چونكە ئەو وشەیە واتای ئەوە دەدات ئێمە بە دزی و بەبێ ئاگایی و بە شێوەیەكی شاراوە كار بكەین بەڵام وانیە، بەڵكو ئێمە زۆر ئاشكرا و بەشێوەیەكی شەفافانە لەم بارەیەوە كارمان كردووە. ئێمە داوای لیژنەی سێ قۆڵیمان نەكرد بەڵكو دووپاتمان لەسەر ئەوە كردەوە كە گرفتەكە لەنێوان خۆمان وەكو عێراقی چارەسەر بكەین دواتر لەگەڵ لایەنی توركیدا قسەی لەسەر دەكەین، ئەوەی كردوومانە مافێكی دەستووری هەرێمی كوردستانە و ئێمە ئامادەین لەگەڵ بەغدا یان هەر لایەنێكی دیكە گفتوگۆ لەبارەی ئەو كارە بكەین كە كردوومانە. ئێمە لە هێڵەكە تەواو بووین و نەوتیش دەنێرین.

ئەلعەربیە: هاووڵاتی عێراقی دەیەوێ لەوە بگات، لەبەرچی هەرێمی كوردستان كە 17%ی بودجەی گشتی عێراقی هەیە نەوتی خۆیشی دەنێرێتە دەرەوە، لەكاتێكدا داهاتەكانی نەوتی بەسرا بۆ هەموو عێراقە بە هەرێمی كوردستانەوە، ئایا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەموو عێراق دەبێت یان تەنیا بۆ خۆتان؟

نێچیرڤان بارزانی: لە دەستووردا ماددەیەك هەیە دەڵێ : نەوت و غاز موڵكی هەموو عێراقە، ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان بەو بڕگەیەی دەستوور پابەندین، بەڵام با تۆزێك بۆ دواوە بگەڕێینەوە، نەوت لە هەموو شوێنەكانی عێراقدا هەیە، لەچەند ساڵی رابردوودا لە هەموو شوێنەكانی عێراق و لە كەركووك و شوێنی دیكەشی كوردستان وبەسرا نەوت دەرهێندرا و فرۆشرا، بەڵام بۆ وێرانكردنی لادێكانمان وئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان بەكار دەهات، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پابەندبوونمان بەو بڕگە دەستوورییەی كە دەڵێ نەوت و غاز موڵكی هەموو عێراقە و مافێكی سروشتی ئێمەیە لە چوار چێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا بكەین، ئەوەی لەعێراق وەریدەگرین 17% نییە، بەڵكو زۆر لەوە كەمترە و رێزیشم بۆ ئەو كەسانە هەیە كە دەڵێن ئێمە تەواوی پشكی كوردستان بە هەرێم دەدەین و ئامادەشین ئەو پرسە بە شێوەیەكی ئاشكرا باس بكەین و بیسەلمێنین ئەوەی بە بەر ئێمە دەكەوێ 17% نیە، ئێمە دەمانەوێ مافی دەستووری هەرێمی كوردستان زامن بكەین، ئەو نەوتەش كە لە هەرێمی كوردستان دەردەچێت هی هەموو عێراقە نەك تەنیا بۆ كوردستان .

ئەلعەربیە: باس لە سەردانێكی ئێوە كرا بۆ بەغدا، ئایا ئەو سەردانە هێشتا پلانەكەی بەردەوامە و گرنگترین ئەو دۆسێیانە چین كە لەمیانەیدا باس دەكرێن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ پلانەكەی بەردەوامە، ئێمە دەمانەوێ بچینە بەغدا و لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران بە شێوەیەكی شەفافانە باسی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ توركیا بكەین و دووپاتی دەكەمەوە ئەوەی جێبەجێمان كرد لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدایە، گرفتی بەغدا گرفتی كۆنترۆڵە، نەوەكو یارمەتی و من دەڵێم ئەگەر هاوبەشی و بەشداری بنەمای عێراقی ئەمڕۆ بێت ئێمە بۆ ئامادەین هەرێمی كوردستانیش شتی دیكەی پێ قبووڵ نیە، ئێمە دەمانەوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و دەستوور بگەینە چارەسەری.

ئەلعەربیە: ئەمڕۆ باس لە بودجەی گشتی دەكرێت و هەندێك پەرلەمانتار باسی ئەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان شایستەی 12%ی بودجەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: گرفتی گەورە لێرەوە دەست پێدەكات چونكە بەغدا تاوەكو ئێستا پرسی بودجە وەكو كارتی گوشار لە دژی هەرێمی كوردستان بەكار دێنێت، ئێمە دەمانەوێ ئەو مەسەلەیە لە هەموو هاوكێشەكاندا بچێتە دەرەوە و ناكرێ بەغدا ئێمە نامانەوێ بەغدا پرسی بودجە وەكو كارتێكی گوشار بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان بەكار بهێنێت، تۆ سەیری یاسای بودجەی ساڵانی رابردوو بكە دەبینین هەموو بڕگە و بەندانەی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە تیایاندا هاتووە وەكو سزایەك وان بۆ هەرێم و من بە یاسای سزادانم ناو ناوە لە دژی هەرێم، چۆن دەبێ ئێمە لەیەك وڵاتدا هاوبەش بین یاسای بودجە تیایدا بەمشێوەیە بێت؟ چۆن بەوە رازی بین كە ئێمە هاوبەشین لەیەك وڵاتدا بەمشێوەیە رەفتار لەبارەی بودجەوە بكرێت بە تایبەتی كە ئێمە عێراقی تازە دروست دەكەین، ئەوان ئەمڕۆ كارتی گوشاریان بەدەستەوەیە كە بودجەیە، ئەوە چۆن قابیلی قبووڵە؟ من پێموایە گەلانی عێراقیش بەوە رازی نابێت. پێموایە دەبێ ئەو مەسەلەیە كۆتایی پێبێت. لە وكاتەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی وەزیری دارایی بوو ئێمە لەسەر 17% رێككەوتین كە داوای زیاترمان دەكرد، بەڵام گەیشتینە ئەو رێژەیە و لەسەر ئەوەش رێككەوتین ئەگەر دواتر لە عێراق سەرژمێری كرا رێژەی خەڵكی كوردستان بەپێی ئەو سەرژمێریە دیاری دەكرێت و بەو شێوەیەش پشكی لە بودجە دیاری دەكرێت، تا ئێستاش جا بەهۆكاری سیاسی بێت یانیش تەكنیكی ئەو سەرژمێریە ئەنجام نەدراوە لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە ئەو سەرژمێریە بكرێت و رێژەی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت.

ئەلعەربیە: زۆر كەس پرسی هەناردەكردنی نەوت بە هۆكارێك بۆ سەربەخۆیی دادەنێت ئایا ئەمە راستە؟

نێچیرڤان بارزانی: با بۆ بەر لەساڵی 2003 بگەڕێینەوە، لە 1991تا2003 ئێمە سەربەخۆ بووین و سوپای عێراق و ئیدارەكانی لە هەرێمدا نەبوون، دوای ساڵی 2003 بە ویست و خواستی خۆمان گەڕاینەوە بەغدا و بەشداری دارشتنی دەستووری هەمیشەییمان كرد، كەواتە بە ویستی خۆمان ئەو شتەمان كرد، تۆ نابی بە شێوەیەكی نهێنی لە وڵاتێكدا خۆت جیا بكەیتەوە و ئەمەش لە ئەجیندای سیاسیی ئێمەدا نییە و ئێمەش باوەڕیمان بە عێراقی تازە و نوێ و دیموكرات و فیدراڵە لەسەر بنەمای هاوبەشی و تا ئەو كاتەی ئەو دەستوورە جێبەجێ دەكرێت ئێمە هیچ شتی دیكەمان لەنێو ئەجیندای سیاسی خۆماندا نییە.

ئەلعەربیە: پێتان وایە شێوازی هاوپەیمانی سیاسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بگۆڕدرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە جارێ زووە باسی ئەو مەسەلەیە بكرێت و ئەمەش لەسەر سروشتی هەڵبژاردن وئەنجامی وەستاوە و ئەنجامەكان نەخشەی سیاسیی ئایندەی عێراق دیاری دەكات.

ئەلعەربیە: لەمیانەی سەردان و كۆبوونەوەكانتان بۆ لای حزبە كوردستانیەكان دەتوانین بڵێین ئێستا ئۆپۆزیسیۆن لەكوردستاندا بوونی هەیە؟ ئایا ژمارەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم هیچ زیادبوونێكی بەسەردا دێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەموومان ئێستا لەیەك بەرەداین نە ئێمە دەسەڵاتین و نە ئەوانیش ئۆپۆزیسیۆنن، ئێمە لە چوارچێوەی یەك پرۆسەداین بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازە و لەسەر ئەوە رێككەوتووین باشترین مۆدێل بۆ حوكمكردنی هەرێمی كوردستان دابنێین لەچوار ساڵی ئایندەدا بە پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی بەهێز كە هەموو لایەنەكان بەشداری تێیدا بكەن و ئێمەش دەمانەوێ هەموو لایەنەكان بەشداری تێیدا بكەن، بەڵام زیادكردنی پۆستی وەزاری بە مەبەستی دۆزینەوەی ئیش و پۆست بۆ كەسانێك ئێمە نایكەین و ئەو پۆستانەی هەن بە سەر هەموو لایەنە بەشداربووەكان دابەش دەكرێت، مەسەلەی بەشداریكردن لە حكومەت مەسەلەی كورسی نییە بەڵكو بەرنامەیە و كاتێك بگەینە رێككەوتن لەسەر بەرنامە ئەو كات ئەوانیش بەشداری لە حكومەت دەكەن.

ئەلعەربیە: لەبەرچی پەیوەندیتان لەگەڵ توركیا وا خۆش بووە، هۆكاری چیە و چی لە بەرامبەر ئەو پەیوەندییە دایە و ئایا ئەو گرێبەستانەی ئێوە ئیمزای دەكەن یاسایین؟

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا لە چوارچێوەی پەیوەندی دراوسێیەتی نێوان عێراق و توركیایە، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان ئێستا لەگەڵ توركیا زیاتر لە 11 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان هەیە و كۆمپانیاكانی توركیا نەك لە كوردستان بەڵكو لە هەموو عێراقدا هەیە و پەیوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا رەنگدانەوەی پەیوەندی دراوسێیەتی نێوان عێراق و توركیایە و ئەمڕۆش زیاتر پێش دەكەوێت و هیچ ئەجیندای تایبەت و نهێنیمان لەگەڵ توركیادا نییە و پێویستە سیاسەتی عێراقیش لەسەر ئەو بنەمایە بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پرسی یاسایی بوونی گرێبەستی نەوت بووە چیرۆكێكی دووبارە كراو بەتایبەتی لەلایەن بەڕێز شەهرستانیەوە، ئێمە پێمانوایە ئەو قۆناغەمان تەواو كردووە و باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی یاسایی بوونی ئەم گرێبەستانەش هەبوونی ئەو هەموو كۆمپانیا زەبەللاحە جیهانییەیە لە كوردستان، بەڵێ لەبەراییدا بە چەند كۆمپانیایەكی بچووك دەستمان پێكرد، بەڵام ئەمڕۆ زۆر لە كۆمپانیا بەناوبانگەكان لەهەرێمدا هەن وەكو \"تۆتاڵ و شیڤرۆن و ئیكسۆن مۆبێل و گاز پرۆم\""، من ئەو پرسیارە دەكەم: ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە لەوە دڵنیا نەبان كە ئێمە پاڵپشتی بەهێزی یاسایی و دەستووریمان هەیە چۆن دەهاتنە كوردستان و كاریان تێیدا دەكرد؟ سیاسەتی بەغدا جاران لەسەر ئەوە بوو كە ئێمە لەسەر پرسی نەوت موبالەغە دەكەین، بەڵام دواتر نەوتمان دۆزییەوە و قۆناغێكی دیكەمان دەستپێكرد پاشان گوتیان نەخێر نابێ هەناردەی دەرەوەی بكەن، ئەمڕۆش ئێمە نەوت دەنێرینە دەرەوە و ئەو قۆناغەمان بڕی و ئەوە یەكەمجارە هەرێمی كوردستان بەشداری كارا لە دابینكردنی بودجە بۆ عێراق دەكات كە لەبەرژەوەندی عێراق و هەرێمدایە، باشترین شت بەغدا بیكات ئەوەیە بگەنە چارەسەری و رێككەوتنێك بۆ ئەوەی بتوانن داهاتەكانی نەوت دابەش بكەن، قۆناغەكانی نایاسایی بوونی گرێبەستەكانمان یان دانانیان لەنێو لیستی ڕەش بەسەر چوون، ئەمڕۆ باشترین دەستپێك ئەوەیە عێراق بە شێوەیەكی جیدی بیر لەوە بكاتەوە داهاتی نەوت بۆ هاووڵاتیانی عێراق بە یەكسانی دابەش بكات، بۆ بەسرا و میسان و عیمارە و نەجەف و مووسڵ و ئەنبار و هەموو عیراق،ولە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە هەموو لایەنەكان هەست بەوە بكەن ئەوەی بەدەستمان دەكەوێت لەبەرژەوەندی ئێمەیە و مافی خۆمانە.

ئەلعەرەبیە: ماوەیەك لەمەوبەر چەند پێشیلكاریەكی ئەمنی لە سلێمانی روویاندا بە كوشتنی رۆژنامەنووسێك و تەقاندنی دوو ئۆتۆمبێل، پێتان وایە لێدوانەكانی هەرێمی كوردستان
لەبارەی سوریاوە وایكرد بێت كە ئەم كردە تیرۆریستیانە رووبدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر من وای نابینم، بەڵێ ئەوەی لە سوریا روو دەدات كاریگەریی بەسەر عێراقەوە هەیە، ئێمە هەموومان لەبارودۆخی سوریاوە نیگەرانین، ئەو رووداوانەی لە سلێمانی روویاندا لیژنەی تایبەت لە ئاسایش و پۆلیس لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەن و ئێمە دڵنیاین دەگەنە ئەنجامێكی باش و ئەو رووداوانە لە هەموو شوێنێكدا روو دەدەن و لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئێمە هەڵوێستی جیدیمان لەمبارەیەوە هەیە و لە نزیكەوە ئێمە چاودێری بارزدۆخەكە دەكەین.

ئەلعەرەبیە: لەبارەی پێكهێنانی هەرێمێك بۆ كورد لە سوریا، چۆن دەرواننە ئەم مەسەلەیە و ئایا پاڵپشتی دەكەن؟ ئایا هێشتا ناكۆكیتان لەگەڵ بەڕێز ساڵح موسلیم ماوە؟

نێچیرڤان بارزانی: ناكۆكیمان لەگەڵ ساڵح موسلیم ئەوەیە گۆڕەپانی سیاسیی سوریا بۆ هەموو لایەك فەراهەم بێت نەوەكو یەك لایەن بە تاكڕەوی رەفتاری بكات و بەداخەوە گروپەكەی ساڵح موسلیم بە سیاسەتی تاكڕەوی و قۆرخكاری لە سوریا رەفتار دەكات و ئێمە لەگەڵ مافی گەلی كوردین لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا و دەمانەوێ لە و چوارچێوەیەدا بگەنە مافی خۆیان و شێوەی گەیشتن بەم مافانە خۆیان باشتر دەتوانن داوای بكەن لەگەڵ حكومەتی سوریا.

ئەلعەرەبیە: بەهەزارەها پەنابەری سوریا لە كوردستاندا هەن و ئێوەش دەرگاتان بۆ كردنەوە، بارودۆخی ئەوان لەو زستانەدا چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی: پرسی پەنابەرانی سوریا لە هەرێم گرفتێكی دیكەیە كە هەرێمی كوردستان پێیەوە دەناڵێنێت، بەغدا بەهیچ شێوەیەك ئەو مەسەلەیە بەهی خۆی نابینیت و من یەكەمینجارە ئەو قسەیە دەكەم، ئێمە زیاتر لە 250 هەزار پەنابەرمان هەیە و 10 ملیۆن دۆلار لە بەغداوە بۆ ئەو پەنابەرانە تەرخان كراوە و ناشزانم هەمووی گەیشتووە یان نا، 250 هەزار پەنابەری سوریا لە كوردستاندا هەن و بەغدا بە گرفتی خۆی نازانێت. ئەو توانا كەمەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ناتوانێت ئەو گرفتە چارەسەر بكات و ئێمە پێویستیمان بە پاڵپشتی بەغدا و پاڵپشتی دەرەكیە و پێشمانوایە ئەم پەنابەرانە بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، ئێمە لەمبارەیەوە گلەیی زۆرمان لە بەغدا هەیە.

ئەلعەرەبیە: ئەوەمان بیست كە بەنیازن لێكۆڵینەوە لەوە بكەن كە كوردانێك لەسوریا لەگەڵ گرووپی وەكو دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام شەڕ دەكەن، ئەم لێكۆڵینەوەیە ئەوان دەگرێتەوە یاخود ئەوانەش كە لەدژی (داعش) شەڕ دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەكە وانییە، ئێمە دەمانەوێ هۆكاری ئەوە بزانین كە لەبەرچی ئەوان دەچنە ریزی ئەو گرووپانە، مەسەلەكەش بەو قەبارەیە نییە كە خەڵك وا دەزانێت هەموو خەڵكی كوردستان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستیەكان دان و دەچنە سوریا شەڕ دەكەن، ئێمە دەبێ ئەوە بزانین ئەو خەڵكە لەبەرچی دەچنە ئەوێ، بۆ كام شوێن و لایەن دەچن و یارمەتی كێ دەدەن؟ گرنگیدانی ئێمە ئەوەیە قەبارەی ئەو مەسەلەیە لە هەرێمی كوردستان بزانین.

ئەلعەرەبیە: ئایا راستە لەنێو پارتیدا ناكۆكی لەبارەی سەركردایەتی و پۆست و بەرپرسیارێتیدا هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: من پێموانیە ئەو مەسەلەیە هیچ ئەسڵ و بنەمای هەبێت، پارتی لەسەر ئەم بناغەیە دروست نەكراوە، بەڵێ بۆچوونی جیاواز لەهەر حزبێكدا هەیە، لەوانەیە بۆچوونی من لەگەڵ بۆچوونی كەسێكی دیكەی نێو مەكتەبی سیاسیدا جیاواز بێت، بەڵام هیچ ناكۆكیەك نییە بۆ مەرامێكی تایبەت، جیاوازی بیروڕا و دیالۆگی هاوبەش بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هاوبەش هەیە لەنێو پارتیدا، قسەی دۆستانە و گفتوگۆ هەن و زۆریشن بەڵام لە كاتی باسكردنی سیاسەتی یەكگرتوو هەموومان هاوڕا و هاوبەش دەبین، ئێمە ئێستا لەگفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنەكان دەمانەوێ بگەینە تێگەیشتنی هاوبەش، ئێمە هیچ رێگریەك لەمبارەیەوە نابینین و هیچ گرفتی جیدیمان نییە و دیدی هاوبەشمان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم هەیە.

ئەلعەرەبیە: راگرتنی گەشتی فڕۆكەكانی توركیا بۆ هەرێم لەلایەن بەغداوە تا چەند راستە؟

نیچیرڤان بارزانی: بەداخەوە لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسی وزە لە هەولێر بەغدا ئەو كارەی كرد و راستیش نییە بەغدا وابكات و نەدەكرا بەغدا ئەو مافەی خۆی لەو كاتە و بەمشێوەیە بەكار بهێنێت، بەغدا ئەو پەیامانە بە هەڵە بۆ هەرێم دەنێرێت و ناشكرێ ئەو مەسەلانە ببنە مایەی گرفت بۆ بەغدا ئەوان توانای راگرتنی فڕۆكەیان هەیە و گرتیشیان، هەڕەشەیان لەئێمە كرد بە بڕینی بودجە و كردیشیان، یاسای سزایان بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجە دانا، بیركردنەوەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بەمجۆرەیە، بەڵێ مافی راگرتنی فڕۆكەیان هەیە بەڵام نەك بەمشێوەیە.

ئەلعەرەبیە: خەونی نێچیرڤان بارزانی چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی من دەمەوێ بیبینم گەل و وڵاتمان لە پێشكەوتنی بەردەوامدابن و ئێمە قوربانی زۆرماندا و تووشی گرفتی زۆر بووین، هیوادارم خەڵكی كوردستان لە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیدا بژیت.
"
Top