دواین زانیاری لەسەر كوشتنی كاوە گەرمیانی
سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە دواین هەوڵی هێزە ئەمنییەكان لە سەر دۆسیەی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی دوو هاووڵاتی دیكە یەكێكیان لە كەلار و ئەو دیكەیان لە شاری سلێمانی دەستگیر كراون.
سەرچاوەكە ئاماژەشیدا، ئەو دوو هاووڵاتییەكە بران و خەڵكی گەرمیانن، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لەبەردەم دادوەر دانیان بەوەدا ناوە كە دەستیان لە كوشتنی كاوە گەرمیانیدا هەیە.
سەرچاوەكە كە ئامادەنەبوو ناو و پلەی ئەو كەسانە بڵاوبكاتەوە، راشیگەیاند؛ لە داهاتوویەكی نزیكدا زانیاری ورد بۆ هەموولایەك دەخەنەڕوو.
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە لێژنەكەی ئەنجوومەنی وەزیران كە بۆ بە دواداچوون و هەماهەنگی لە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی پێكهێنراون، رایگەیاند؛ دەستگیركردنی ئەو تۆمەبتارانە هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ دۆسیەی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو، بەڵام ئەوەی بەلای لێژنەكەیانەوە زۆر گرنكە ئاشكراكردنی ئەو دەست و لایەنەیە كە لە پشتی كاری تیرۆركردنەوەكەدان.
شایانی باسە بەرواری 5/12/2013 رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی لە گەڕەكی سەركەوتنی شاری كەلار لە لایەن چەند چەكدارێكەوە لە ناو ماڵەكەی خۆیدا تیرۆر كرا.
