نێچیرڤان بارزانی: ره‌خنه‌ی ئابووری و سیاسی له حكوومه‌تی عێراق ده‌گرێت
ماڵپه‌ڕی كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لعه‌رەبییه، كورته‌یه‌ك له زانیارییه‌كانی تازه‌ترین چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بڵاوكردۆته‌وه‌و وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه زۆربه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی باسی لێوه‌كراوه، پرسی نه‌وت و غاز و په‌نابه‌رانی سوریایه.
تۆمه‌ته‌كانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی، حسێن شه‌هرستانی ره‌تده‌كاته‌وه كه گوتویه‌تی هه‌رێم نه‌وت به تاڵان ده‌بات نه‌ك هه‌ناردنی بۆ ده‌ره‌وه.
نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت مافێكی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه و ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ هه‌ر جۆره دانووستانێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، له كاتێكدا چه‌ندین گه‌وره كۆمپانیای جیهانی كه‌رتی نه‌وت له هه‌رێم كار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یداوه كه هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غدا دووچاری چه‌ندین ئاسته‌نگی هاتۆته‌وه، دواترینشیان رێگری له نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی تایبه‌ت له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وله‌تی هه‌ولێر كه ئه‌مه‌شیان پیشاندانی كارێكی نادروسته به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به سوریا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌یداوه كه به‌غدا خۆی له به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به په‌نابه‌رانی سوریا ده‌دزێته‌وه و ده‌ڵێت: به‌غدا پێیوایه پرسی په‌نابه‌ران هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان 250 هه‌زار په‌نابه‌ری له خۆ گرتووه.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌یداوه كه حكوومه‌تی به‌غدا ته‌نیا 10 ملیۆن دۆلاری دابین كردووه.
له باره‌ی چوونی شه‌ڕكه‌ر له هه‌رێم بۆ سوریا، نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: له ئێستادا ئێمه به دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌داین كه چ هۆكارێك پاڵنه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی له‌مجۆره بهاوێژرێ.
