سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئافرەتانی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئافرەتانی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی 12ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئافرەتانی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ئافرەتانی حزبەكان سەرۆك بارزانیان لە ناوەڕۆكی ئەو سەردانانە ئاگادار كردەوە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامیان دابوو. هەروەها وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پشتگیریكردنی پرسی ئافرەت و هەروەها پاڵپشتیكردنیان بۆ بەشداربوون لە ژیانی سیاسییدا دوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە پاڵپشتی دواكاریی ژنان و ئافرەتانی حزبەكان بن بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها لە دەستەڵاتی جێبەجێكردنی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زیاتر بە ئافرەتان ببەخشرێت و هاوشێوەی پارلەمانی كوردستان ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە حكوومەتیش زیاد بكرێت. ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كە داواكارییەكانیان لە ڕێی یادداشتێكەوە پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد، ئەوەیشیان داوا كرد كە لە گفتوگۆ و دانوساندنەكانی حزبەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەشداریی بە ئەندامانی ژنی حزبەكان بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی ئافرەتان لە خەباتی گەلەكەمان و ژیانی كۆمەڵگە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكارییەكانی ئافرەتان و پرسی ئافرەت لە كۆمەڵگە دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەت بابەتێكی فرەڕەهەندە و پێویستە هاوشان لەگەڵ حكوومەت و حزبەكاندا لە پەروەردە و لە خێزان و شوێنەكانی دیكەشدا كار بۆ یەكسانیی نێوان ئافرەت و پیاو بكرێت. سەبارەت بە داواكاریی ئافرەتان بۆ بەشداربوونی زیاتریان لە حكوومەت سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم دواكارییە نیشاندا و بە پێویستیشی زانی كە حزبەكان ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن و پابەندی ئەو بەڵێنانە بن كە بۆ بەشداریی زیاتری ئافرەت داویانە.
Top