سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئۆستڕالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئۆستڕالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی 12ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو لینداڵ ساكز باڵیۆزی ئۆستڕالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی ئۆستڕالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشان دا و ئاماژەی بەوەدا كە جوانی و سەقامگیریی كوردستان ڕەنگدانەوەی ئەو پێشكەوتنانەیە كە هەرێمی كوردستان لەم چەند ساڵەدا بەخۆیەوە بینیویەتی. هەروەها سڵاوی خەڵكی ئۆستڕالیا و حكوومەتی تازەی ئۆسترالیای بە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشاندا بۆ بەرەوپێشڤەبردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەردوولا و هەروەها هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەبوارەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا. هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئۆستڕاڵیا ئەوەی خستەڕوو كە خەڵكی وڵاتەكەی خەڵكێكی كراون و ئۆستڕالیا لە زۆر بواردا پێشكەوتووە و حەزی لێیە كە لە بووژانەوەی هەرێمی كوردستاندا بەشدار بێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی ئوستڕالیای كرد و سپاسی گەل و حكوومەتی نوێی ئۆستڕالیاشی كرد و هەروەها وێڕای ئاماژەپێدان بە ڕۆڵی وڵاتی ئۆستڕالیا لە بواری ئابووری و زانست و پیشەسازی لە جیهاندا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بەرەو پێشەوە بچێت.

لەم دانیشتنەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و قەیرانی سووریا و هەروەها هەڕەشەی تیرۆر لەسەر تێكدانی سەقامگیری و ئاساییشی وڵاتان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
Top