پەیامی سەرۆكی هەرێم بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤەوە

پەیامی سەرۆكی هەرێم   بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤەوە
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ لە 10ـی دیسەمبەری 1948، هەنگاوێكی پڕبایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، لەپێناو دانانی چوارچێوەیەك بۆ ناساندن و زامنكردنی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ، كە بەهۆی شەڕو كاولكاری و دیكتاتۆری پێشێل دەكران.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م په‌یامه‌ی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكردوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤەوە

جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ لە 10ـی دیسەمبەری 1948، هەنگاوێكی پڕبایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، لەپێناو دانانی چوارچێوەیەك بۆ ناساندن و زامنكردنی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ، كە بەهۆی شەڕو كاولكاری و دیكتاتۆری پێشێل دەكران.
پاش 65 ساڵ لەو ڕووداوە مێژووییە، جێگەی داخە هێشتا پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكەمان و هەندێ شوێنی دیكەی جیهان بەردەوامە. سەرباری رووخانی دیكتاتۆرییەت، دۆخی مافەكانی مرۆڤ لەعێراقدا پاشەكشەی كردووەو ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیان و مافەكانی ئافرەت و منداڵ لەژێر مەترسیدان، توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیریی تاییفی و گەندەڵی، هەڕەشەی زۆر گەورەن لەسەر مافەكانی مرۆڤ و كەرامەت و ژیانی هاووڵاتیانی عێراق.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا هەنگاوی باش بە ئاڕاستەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و رەچاوكردنی مافە تاكەكەسیی و مەدەنییەكانی خەڵك نراوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و هەندێجار پێشێلكاریی دەبینرێت، بۆیە پێویستە ڕەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتری پێ بدرێت.
گەلەكەمان خۆی گەورەترین قوربانیی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ بووە، بۆیە پێویستە مافەكانی مرۆڤ ببێتە ئامانجی سەرەكی گشت چالاكییە حكوومی و مەدەنییەكانی وڵاتەكەمان و، لە ژیانی گشتی و تاكەكەسی و خێزانیشدا ڕەنگبداتەوە.
لەپێناو ڕێگەگرتن لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستاندا، دەبێ كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان بە چاوكراویی و هەست بەبەرپرسیارێتیی زیاتر كار بكەن. بەو هیوایەی كاركردن بە بەها و مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەماندا لەهەموو كایەكاندا بچەسپێت و، ببێتە فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو.
Top