20 هەزار پەنابەری رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەرێنەوە سووریا

 20 هەزار پەنابەری رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەرێنەوە سووریا
بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت تاوەکو ئێستا 250 هەزار پەنابەری رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و لە ماوەی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 20 هەزاریان گەڕاونەتەوە سووریا.
دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کاروباری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، راگەیاند بەگشتی تا ئێستە 250 هەزار پەنابەری کوردی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو 250 هەزار پەنابەرە رێژەیەکیان گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، گوتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 20 هەزار پەنابەریان گەڕاونەتەوە بۆ سووریا.
لەبارەی وردەکاریی گەڕانەوەی ئەو 20 هەزار پەنابەرە بۆ سووریا، زێباری گوتی: هەندێکیان بۆ خوێنندن بووە، هەندێک ناوچەکانیان ئارام بووە، هەندێکیان ماڵ و حاڵ و کەسابەتیان جێ هێشتووە، ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لەو کەسانە ناکەین، لە گەڵ ئەوەشدا بەزۆریش کەس رەوانە ناکەینەوە. ئەوانەشی هاتوون پێشوازیەکی گەرممان لێ کردوون و هەوڵمان داوە پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەین.
بەهۆی بارگرژیەکانی دوو ساڵی رابردووی سووریا زیاتر لە 2 ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەی سووریا روویان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە.
بەپێی گوتەی بەهزاد ئادەم جێگری پارێزگاری دهۆک 500 بۆ 700 ئاوارەی سووریا لە کەمپی دۆمیز گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، بەڵام دوای ماوەیەک هەندێک لەوانە هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی ترەوە لە ناوچەکانی تری عێراقدا، زیاتر لە 13 هەزار پەنابەری سووریا بۆ وڵاتەکەیان گەڕاونەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان تەرخان کردووە و رێکخراوە ناوخۆیی و بیانیەکانیش هاوکاریی خۆیان پێشکەش کردووە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، گوتیشی: بۆ هاوکاریی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2014 گوژمەی 100 ملیۆن دۆلار تەرخان بکات.
لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە 6 کەمپدان و زۆربەیان لە پارێزگای دهۆک و هەولێرن.
دیندار زێباری پێیوایە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر رەوشی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە.
گوتیشی: لەو ماوەیەدا رێکخراوی هیۆمان رایس وۆچ سەردانیان کردین و ئاماژەیان بەوەد ا کە رەوشی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە، بەتایبەت لەو هاوکاری و کۆمەکانەی کە پێشەکشی ئاوارەکانی دەکات.
زێباری پێشبینی دەکات ئەگەر رەوشی سووریا بەم شیوەیەی ئێستەی ئالۆز و بەردەوام بێت، رێژەی پەنابەرانی ئەم وڵاتە لە عیراق و کوردستان بگاتە پێنچ سەد هەزار پەنابەر.
رۆژنامەنووس کاوە ئەلیخان بۆ (باس) گوتی: بۆ ئەوەی ناوچە کوردسانیەکانی رۆژئاوا تەعریب نەکرێن، باشترە ئەوان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.






باس
Top