نیویۆرک تایمز: هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆیی نزیک بووەتەوە

 نیویۆرک تایمز: هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆیی نزیک بووەتەوە
میدیا جیهانییەکان دوای سازدانی سێیەمین کۆنفرانسی وزە لە شاری هەولێر، کاردانەوە و هەڵوێستی لایەنەکانیان شرۆڤە كرد، لە بەناوبانگترین ئەو میدیایانەی کە راپۆرتێکی لەسەر کۆنفرانسی وزە نووسیوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەربارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەنووسێت \"کوردەکان ئێستا راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەتوانن نەوت هەناردە بکەن، بەمەش کورد جگە لەوەی لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبن، هاوکات لە سەربەخۆیی سیاسییش نزیک دەبنەوە\"".

لە راپۆرتەکەی تایمزدا هاتووە \""هەرچەندە تا دێت هەرێمی کوردستان پێش دەکەوێت و لە بەشەکانی دیکەی عێراقدا شەڕی تایفی و سێکتاری زیاد دەکات، بەڵام هێشتا ئەمەریکا لەوە دەترسێت کە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری بەسەر یەکپارچەیی عێراقەوە هەبێت\"".

نیویۆرک تایمز هەروەها ئاماژەی داوە كە کورد پێشتر بە تانکەر نەوتیان رەوانەی دەرەوە دەکرد، بەڵام ئێستا دەتوانن بە بۆریی نەوت هەناردەی بکەن، لە داهاتووشدا پلانی بۆریی نەوتی دیکەیان هەیە کە ئێستا وردەکارییەکانی دیار نییە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە \""هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نایاساییە، چونکە پرس بە حکوومەتی ناوەندی نەکراوە\"". بەڵام بیری چووەتەوە کە دەستووری عێراق بە پێی ماددەی ١١٢ رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت هەناردەی دەرەوە بکات.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق قاسم میشخاتی رایگەیاند \""داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ تورکیا لە رێگەی بۆرییەکەوە، لەگەڵ عێراق بە هاوبەشی دابەش دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش وەک ئەرکێک و مافێکی خۆی دەتوانێت نەوت بدۆزێتەوە، هەرێم کار بۆ ئەوە دەکات کە داهاتی گشتی لە عێراق بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەموو عێراق سوود لەو داهاتە وەرگرێت\"".

لەبارەی سەربەخۆیی کوردیشەوە، نیویۆرک تایمز دەنووسێت \""کوردەکان خاوەنی ستراتیژییەتێکی هێواشن و پەلە ناکەن، یەکێکیش لەو ستراتیژیانە فراوانکردن و بەهێزکردنی هەرێمەکەیانە کە بە بڕوای چاودێران هەنگاوەکانی داهاتوو خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستاندا دەبینێتەوە\"".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەشی کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی \""ئێستا ملیۆنان کورد لە چوار وڵاتی عێراق و سووریا و ئێران و تورکیا دەژین، هەمووشیان ئاواتێکی لەمێژینەیان هەیە کە بەردەوام هەوڵ دراوە لە بیریاندا بسڕدرێتەوە، ئەویش ئاواتی سەربەخۆییە.\""

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەش بەوە دەدات کە لە قۆناغی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکردە کوردەکان هەنگاوی هەستیار و بەرچاویان ناوە بۆ گەیشتن بەو ئاواتە، هەروەها بڵاویشی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ئێستا هەرێمێکی گەشاوە و ڕەونەقدارە، خاوەنی هێز و ئاسایشی خۆیەتی و سیاسەتێکی دروست لەگەڵ دەرەوە پەیڕەو دەکات. نیویۆرک تایمز ڤیزاش بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمەریکا لە بەغدا دەبێت چەند هەفتەیەک یان بە مانگ چاوەڕێ بکەیت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە ئاسانی دەتوانی لە فڕۆکەخانە بیکڕیت. هاوکات دەشنووسێت كە هەرێمی کوردستان بووەتە بەهەشتێکی ئارامی سوننەکان کە زۆر جار لە بەشەکانی دیکەی عێراق لە ترسی حوکمی شیعەکان ڕادەکەن، لە نێویشیاندا تاریق هاشمی جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە دوو ساڵە بە تۆمەتی تیرۆر هەڵاتووە.

لە بارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە \""هەرێمی کوردستان نزیکە لەوەی بە تەواوی بگاتە رێکكەوتن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بازاڕەکانی جیهان. رۆیتەرز قسەی تانەر یەڵدز بە نموونە دەهێنێتەوە کە گوتوویەتی \""لەم مانگەدا هەرسێ لایەن لەسەر خاڵی هاوبەش رێکدەکەوین بۆ پرسی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان\"".

رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەدات کە هەرێمی کوردستان بوێرانە لەگەڵ تورکیا گرێبەست واژۆ دەکات، بەمەش ئەو هەرێمە ئێستا بێ کێشە دەتوانێت نەوت بنێرێتە دەرەوە. هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا دەست دەکات بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە، رۆژانەش دەتوانێت زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بکات."
Top