مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی سه‌رۆك نیلسۆن ماندیلا په‌یامێكی هاوخه‌می راگه‌یاند
(نیلسۆن ماندێلا) مرۆڤ و سه‌ركرده، سیمبولی خه‌باتی گه‌لانی ئه‌فریقیاو هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان، ئه‌ستێره‌ی پڕشنگداری ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان كۆچی دوایی كرد و بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له سه‌رده‌مێكدا دروست كرد كه مرۆڤایه‌تی پێویستی به رابه‌ری له چه‌شنی ئه‌و هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی زوڵملێكراو و سستهمدیدانی دنیا دلێر و به‌رز بێ و ده‌نگی تیرۆر و جه‌نگ و جیاكاری ره‌گه‌زپه‌رستانه كپ بكرێ.
له هه‌موو جیهاندا، مرۆڤه‌كان به جیاوازی نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و ره‌نگ و ئایین و هه‌ر ئینتیمایه‌كی سیاسی، به خه‌م و په‌ژاره‌وه ماڵئاواییان له (نیلسۆن ماندێلا) سه‌ركرده‌ی گیانفیدا و به‌خشنده و ئازادیخواز كرد، چونكه له هه‌موو جیهاندا ناوی ئه‌و بۆته سیمبولێك، تا هه‌تایه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به ئاسمانی به‌ها نه‌مره‌كانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و پێكه‌وه‌ژیان و دادپه‌روه‌ریه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه.
نیلسۆن ماندێلا له یه‌ك كاتدا بۆ ئێمه‌ی كورد، رابه‌رێكه بۆ شوێنپێههڵگرتنهوهی له شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و دژی ره‌گه‌زپه‌رستیدا، هه‌روه‌ها دۆست و لایه‌نگرێكی چاونه‌ترس و راستگۆ بوو بۆ دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و مافه بنچینه‌ییه‌كانی له سه‌ربه‌خۆیی و ژیانی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌فادارانه ده‌ڕوانێته مێژووی پڕ سه‌روه‌ری ئه‌م مرۆڤه سه‌ركرده‌یه و هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی له داكۆكیكردن له مافی گه‌لانی ژێرده‌ست و پشتیوانیكردنی خه‌باتی ئازادیخوازانه و هاوسۆزی و لایه‌نگری بۆ دۆزی گه‌لی كوردستان. هه‌روه‌ها به خه‌م و په‌ژاره‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشی بۆ گه‌ل و حكومه‌تی باشووری ئه‌فریقیا دهنهرێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه نیلسۆن ماندێلا له لای گه‌لی كورد كه‌سێكی نه‌مره و هه‌میشه له یاده‌وه‌ریماندا به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه و وانه‌كانی خه‌باتی ئه‌و بۆ ئێمه له‌بیر ناكرێن و به‌رده‌وام سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێ بۆ پته‌وكردنی ستوونه‌كانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان و دادپه‌روه‌ری.
نه‌مری بۆ نیلسۆن ماندێلا، رابه‌ر و سیمبوول
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
