نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى كوێت له‌ عیراق كرد

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى كوێت له‌ عیراق كرد
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ غه‌سسان یوسف ئه‌لزواوى باڵیۆز‌ى تازه‌ى كوێت له‌ عیراقكۆبۆوه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خدانى زیاتر به‌ فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌تیش له‌ بوارى بازرگانى و سیاسیدا كرده‌وه، هه‌روه‌ها‌ دوا قۆناغه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى كوێتیان له‌ هه‌ولێر تاوتوێ كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا سه‌رۆك وه‌زیران به‌ بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵیۆزى تازه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ عیراق، پیرۆزبایى لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌وڵه‌تى كوێت و چۆنیه‌تیى پته‌وكردنیان لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو، تیایدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خدانى زیاتر به‌ فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌تیش له‌ بوارى بازرگانى و سیاسیدا كرده‌وه، هه‌روه‌ها‌ دوا قۆناغه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى كوێتیان له‌ هه‌ولێر تاوتوێ كرد و هیوایان خواست له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت ڕۆڵى خۆى له‌ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌وڵه‌تى كوێتدا بگێڕێت.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و كوێتیش خرانه‌ به‌ر باس و سه‌رۆك وه‌زیران خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئاساییبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و كوێت ده‌ربڕى. باڵیۆزى كوێتیش ستایشى ڕۆڵى سه‌ركردایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئاساییبوونه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كرد و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى به‌رز نرخاند.

نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیا كوێتییه‌كان ده‌توانن ده‌رفه‌تى باشى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ده‌ست بهێنن و هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌ ده‌روازه‌یه‌ك‌ بۆ هه‌موو عیراق، بۆ ئه‌مه‌ش حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتگیرى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.

له‌ كۆتایى دیاره‌كه‌دا باڵیۆزى كوێت خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕى و ستایشى ئارامى و سه‌قامگیرى و گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد و ڕۆڵى سه‌ركردایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى له‌ گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى هه‌رێمى كوردستانى به‌ ڕۆڵێكى مه‌زن له‌ قه‌له‌م دا.
Top