سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی 12ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و موحسن ئەلحەكیم كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق بەگشتی و بەغدا بە تایبەتی و هەروەها ئەو كاریگەرییانەی لە ئەنجامی خەراپیی بارودۆخی ئەمنیی عێراق دێنە كایەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها قسە لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لێكەوتەكانی كرا كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی چواری ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
باری هەرێمایەتی و قەیرانە سیاسییەكانی ناوچەكە و ئاییندەی عێراقی فیدڕاڵ ئەو تەوەرانە بوون كە لەم دیدارەدا تاوتوێ كران. لەم كۆبوونەوەیەدا جەختیش لەسەر ئەوە كرایەوە كە دانیشتن و ڕاگۆڕینەوەكانی هەردوولا لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ داهاتووی عێراق بەردەوام بێت.
