سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی بریتانیا بۆ كاروباری سووریا دەكات
لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی بریتانیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند. لەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی بریتانیا بە ڕاشكاوی وێنەیەكی گشتی لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی سووریا و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارسەركردنی قەیرانی سووریا خستەڕوو و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی كۆنفرانسی ژێنێڤ 2 و ڕۆڵی دەوڵەتانی دراوسێ و دۆستی سووریا و زلهێزەكان و هێزە سیاسییەكانی ناوخۆی سووریا و هەروەها كاریگەرییان لەسەر قەیرانی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. نوێنەری تایبەتی بریتانیا پشتگیری وڵاتەكەیشی لە ڕۆڵ و پێگەی كورد بە تایبەت ئەنجوومەنی نیشتیمانی دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لە كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ـدا كوردەكان بەشدار بن و ڕۆڵێكی كارایان هەبێ.
هەر لەو دانیشتنەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دەبێ ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە قەیرانی سووریا پشتگیری لە ڕۆڵی كورد بكەن و پێویستیشە هەموو لایەنە كوردییەكان هاوكاری یەكتر بن و گوتارێكی هاوبەش و ڕوونیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سووریا و دواڕۆژی سووریادا هەبێت.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و كاریگەریی لەسەر ناوچەكە و ڕۆڵی كورد سەرۆك بارزانی هێمای بەوە كرد كە ئەستەمە كێشەی سووریا لە ڕێگەی چارەسەری سەربازی چارەسەر بكرێت و ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانیشەوە گرنگە ئەوەیە كە ئەلتێرناتیڤێكی دیموكراتی بۆ دواڕۆژی سووریا هەبێت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و گشت لایەك ڕەچاوی مافەكانی كورد بكەن چونكە داواكاری و مافەكانی كورد ڕەوان و لە سووریادا گەلی كورد لە بچووكترین مافەكانی بێبەش كراوە.
