سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی کوەیت لە عێراق کرد
لە دیدارێکدا باڵیوازی نوێی کوەیت لە عێراق غسان عەبدولباری سڵاوی ئەمیری کوەیتی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هیوادارە ئەم سەردان و پەیوەندییانە بەردەوام بێت، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بەرامبەر پێشکەوتن و دۆخی ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان. لەبەشێکی دیدارەکەدا غسان عەبدولباری ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بەڕێزەوە سەیری رۆڵی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە دەکات و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی هیوایەکە بۆ هەموو عێراق.
باڵیۆزی کوەیت لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەکرد، دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان پەرەپێبدەین و لەم روانگەیشەوە هەوڵدەدەین بە زووترین کات کونسوڵگەری کوەیت لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە و ببێتە کەناڵێکی پتەوی پەیوەندییەکانمان.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی نوێی کوەیت لە عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرنگی لای کورد هەیە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا نیشان دا.
