عەبدولڕەحمان سدیق: ((موسڵمانانی برا) نەك (برایانی موسڵمان)
ئەم هەڵە گەورەیەی ئەو ئیسلامییانە وەك زریان وایە كە بەبێ زیان تێپەڕ نابێت، رێك وەك ئەو بزمارانە وایە كە بە هەڵە دادەكوترێن و، بە هەڵكێشانیشیان هەموو هەڵەكە چارەسەر نابێت، چونكە هەڵكێشانی بزمارە بەهەڵە داكوتراوەكان، ژمارەیەك كونی زۆر لەدوای خۆیان بەجێ دەهێڵن، كە پڕكردنەوەیان كار و كاتی زۆری دەوێت!
هەروەها نووسەر دەڵێ : (برایانی موسڵمان) كۆمەڵێكی پەروەردەیی بوون لەسەرەتادا، رێگەی بانگخوازییان لێ ون بوو، كەوتنە سەر رێگەی سیاسەت، ویستیان بەئایین سیاسەت چاك بكەن، بەڵام بەسیاسەت ئاینیان خراپ كرد.
بۆیە ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە (برایانی موسڵمان) واز لەخۆجیاكردنەوە بێنن لەكۆمەڵگەی موسڵمان، چونكە موسڵمانان هەموو بەفەرمانی خودا برای یەكترن.
لەلایەكی ترەوە عبدولرەحمان سدیق باسی ئيخوانەكان دەكات و دەڵێ: ئادەم و حەوا بە داننان بە هەڵەی خۆیان ئازادبوون، شەیتانیش بە لە ئەستۆنەگرتنی هەڵەكانی، خۆی لە دیلیدا دۆزییەوە.
ئەزموونەكانی ئەم دواییەی جیهانی ئیسلامیی سەلماندی كەحزبە ئیخوانییەكانی نێو كۆمەڵگای موسڵمان نشین ماڵێكی زۆر بچووكن و، نوێنەرایەتی هەموو موسڵمانانیان لەتوانادا نییە وەك هەوڵیان بۆ دەدا.
ئیدی كاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم چوارچێوە تەنگانەیەو، كاتی ئەوەیە ئایین لەفەزای فراوانی خۆیدا رۆڵی خۆی ببینێت و، كاری حزبایەتیش بدرێتەوە دەست سیاسەتمەداران و خاوەن ئەزموونانی ئەو بوارەو رێبوارانی.
زۆریش گرنگە بزافە ئیخوانەكان بەسنگێكی فراوانەوە گوێ بگرن لەو رەخنانەی ئاراستەیان دەكرێت، ئەگەرنا، ئەوسا رۆژگار وانەیەكی زۆر توندیان فێر دەكات كەباجی گەورەی لەسەر دەدەن لەدەرئەنجامی پشتگوێخستنی بەخۆداچوونەوەو داننەنان بەهەڵەكانیاندا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە و زیاتر زانیاری لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(955).
