تێكڕایی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌كرێت
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له (20/8/2013) خشته‌ی نوێی موچه‌ی له چوارچێوه‌ی چاكسازی له سیستیمی موچه و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران په‌سندكرد، كه له 1/1/2014 جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له هه‌نگاوێكی تردا بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه له ژماره 4288ی رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقیدا كه كۆپیه‌كی ده‌ست(باس) كه‌وتووه، بڕیاری ژماره(352) ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی تایبه‌ت به زیادبوونی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بلاَوكراوه‌ته‌وه ، كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه له پله 10 بۆ پله 4 موچه‌كه زیاد ده‌بێت كه پله ده 114% و پله 4 ته‌نها 4% ،ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو كه ده‌قی بڕیاره‌كه له 1/1/2014 جێبه‌جێ ده‌كرێت.
زیادبونه‌كه‌ش به‌م شێوه ده‌بێـ\"فه‌رمانبه‌ری پله 10 سه‌دا 114 مووچه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی زیاد ده‌كات،فه‌رمانبه‌ری پله 9 سه‌دا 78 ، فه‌رمانبه‌ری پله 8 سه‌دا 54، فه‌رمانبه‌ری پله 7 سه‌دا 42، فه‌رمانبه‌ری پله 6 سه‌دا 27.فه‌رمانبه‌ری پله 5 سه‌دا 14 ،فه‌رمانبه‌ری پله 4 سه‌دا 4 مووچه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی زیاد ده‌كات\"".
وه‌كو له ناوه‌رۆكی بڕیاره‌كه هاتووه سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و په‌رله‌مانی عێراقی و ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی بالاَی دادوه‌ریی و كۆمسیۆنی بالاَی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و دیوانی چاودێری دارایی و نوسینگه‌ی سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كان و ده‌زگای هه‌واڵگری و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نشتیمانی، له گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی \""ده‌ره‌وه و ناوخۆ و به‌رگری و نه‌وت و كاره‌با و خوێندنی بالاَ\"" زیادبونه‌كه نایانگرێته‌وه.
هه‌وه‌ك ئه‌وه‌ش هاتووه كه هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌ت و ده‌زگایانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی قانونی موچه‌ی ساڵی 2008 موچه و ده‌رماله‌ی تایبه‌تیان هه‌یه ئه‌و زیادبوونه نایانگرێته‌وه.
به پێی یاسا هه‌ر یاسایه‌كی په‌رله‌مان یان بڕیارێكی حكومه‌ت تاوه‌كو له رۆژنامه‌ی وه‌قایع بلاَو نه‌كرێته‌وه به یاسایی ئه‌ژمار ناكرێت و جێبه‌جێش ناكرێت.
بورهان محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بۆ رۆژنامه‌ی (باس) رای گه‌یاند به پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سند كراوه موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌بێت، گوتیشی: بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره له رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقی دڵنیابوونی ته‌واو ده‌دات كه بڕیاری زیادبوونی موچه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت، چونكه هه‌ر یاسا و بڕیارێك له وه‌قایع بلاَو بێته‌وه مانای جێبه‌جێكردنیه‌تی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند بڕیاری له‌سه‌ر زیادكردنی موچه داوه، بۆیه ھه‌ر كاتێك بودجه په‌سه‌ندبكرێت، ئه‌وا له‌١/١/٢٠١٤وه خه‌رجده‌كرێت‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌سه‌ندكردنه‌ش دوابكه‌وێت، دواتر ھه‌موو زیاده‌كه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌درێت.
پێشووتر فازڵ نه‌بی بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه كه له بودجه‌ی په‌سندكراوی عێراق وه‌زاره‌تی دارایی زیاتر له 3 تریلیۆنی ته‌رخانكردوه بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت زیاده‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران رووپۆش بكات. گوتیشی: له‌و پاره‌یه به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش داده‌ندرێـت بۆ ئه‌وه‌ی زیاده‌ی موچه‌ی پێ پڕبكرێته‌وه.
ره‌شید تاهیر بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان به (باس)ی راگه‌یاند له به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می موچه بۆ هه‌موو عێراقه بۆیه زیادبوونی موچه هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه. گوتیشی: ئێمه له هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ئه‌و زیادبوونه ده‌بین و چاوه‌روانی رێنماییه‌كانی زیادبونه‌كه ده‌كه‌ین.
خه‌ندان"
