سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری وزەی توركیا دەكات
لە دیدارێكدا سەرەتا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری وزەی توركیا و شاندە یاوەرەكەی كرد و سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد بۆ پێشخستنی تەبایی و برایەتی و هەروەها گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا چونكە ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكە دایە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان و بەستنی گرێبەستی وزە لەگەڵ وڵاتی توركیا و كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان گوتی: \" هەرێمی كوردستان لەوڕووەوە هیچ كارێكی نەكردووە دژی دەستووری عێراق بێت و هیچ جۆرە مەترسییەكیش لەسەر هیچ لایەك دروست ناكات، بە پێچەوانەوە خزمەتی بەرژەوەندیی گەلی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەكات. تەنیا شتێك كە مەترسی لەسەر عێراق دروست دەكات دیكتاتۆرییەت و بەڕێوەبردنی خەراپی وڵاتە\"".
سەرۆك بارزانی ئەوەشی باس كرد كە لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا حكوومەتەكانی عێراق سامان و نەوتی عێراقیان بۆ وێرانكردنی عێراق بەكارهێناوە نەك خزمەتكردنی. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ڕێگەیەی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوتەوە گرتوویەتەبەر ڕێگەیەكی ڕاست و دروستە و لە ساڵی 2007ـدا لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن كراوە كە ئەگەر هاتوو یاسای نەوت و گاز پەسەند نەكرا ئەوە هەتا پەسەندبوونی ئەم یاسایە هەردوولا ئەو مافەیان هەیە كە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لەمەڕ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت ڕێكبكەون ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی وڵات و هاووڵاتیان و لە سیاسەتی نەوتیدا هەرێمی كوردستان لەچاو عێراق سەركەوتووتر بووە.
لەبەرانبەردا وەزیری وزەی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و سڵاوی تایبەتی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیای بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. هەروەها لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەد وەزیری وەزەی توركیا ئەوەی ڕوونكردەوە كە سەردانەكە كاریگەریی زۆر چاكی لەسەر دروستبوونی كەشی یەكترویستن و تەبایی و برایەتی ناو توركیادا هەبووە و هیوایشی خواست ئەو نزیكی و متمانەی نێوان هاووڵاتیان قووڵتر ببێتەوە.
لەبارەی پرسی گرێبەستە نەوتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا وەزیری وزەی توركیا ئاماژەی بەوەدا كە عێراق خاوەنی سامانێكی گەورەیە و دەكرێ لەماوەیەكی كورتدا و بەهۆی سیاسەتێكی دروست باری ژیانی هاووڵاتیان باش بكرێت و نەوت بخرێتە خزمەتی خەڵك و هەروەها ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان مۆر كراون بە هەماهەنگیی و ڕەزامەندیی هەرێم و بەغدا و توركیا دەبن و هەر سێ لا پێكەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكان دەكەن."
