ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى له سێیه‌مین كۆنفرانسی ساڵانه‌ی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان – عیراق
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
به‌خێرهانتى گه‌رمى وه‌زیرى وزه‌ى توركیا ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ ته‌شریفى هێناوه، دوێنێ شه‌و دره‌نگ له به‌غداوه گه‌یشته هه‌ولێر، به خێر بێت. به‌خێرهاتنى به‌ڕێز د. ڕۆژ نووى شاوه‌یس جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ده‌كه‌م، به‌خێرهاتنى سه‌رۆكى جێبه‌جێكارى گازپرۆم ده‌كه‌م كه ئه‌ویش ته‌شریفى هێناوه، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
به‌خێرهاتنى به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح جێگرى سكرتێرى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ ئه‌ویش ته‌شریفى هێناوه و له‌گه‌ڵمانه و هه‌موو ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
به‌ر له هه‌موو شتێك سوپاسى ڕێكخه‌رانى كۆنفرانس ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م كۆنفرانسه ئاكامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه.
ئه‌مڕۆ زیاتر له 10 ساڵ به‌سه‌ر نه‌مانی ڕژێمی دیكتاتۆریی سه‌دام تێده‌په‌ڕێت، دیاره ڕووخانى ئه‌و ڕژێمه؛ ئازادى بۆ گه‌لانى عیراق به‌دواى خۆیدا هێنا. هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بوون به ڕووخانى ئه‌م ڕژێمه. به‌ڵام یاده‌وه‌ره‌ییه تاڵه‌كان تاوه‌كوو ئه‌مڕۆش له هزر و بیرى هه‌موو لایه‌كماندا ماونه‌ته‌وه.
ئه‌مساڵ یادی 25 ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدمان كرده‌وه، ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گۆڕێكی دیكه‌ی به‌كۆمه‌ڵ كه چه‌ندین ئه‌نفالكراوی كوردی تێدا زینده‌به‌چاڵ كرابوو؛ له باشووری عیراق دۆزرایه‌وه. هه‌ڵمه‌تی داڕێژراوی ئه‌نفال كه دژ به گه‌لی كورد ئه‌نجام درا؛ به جینۆساید هه‌ژمار ده‌كرێت و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانی دنیاوه به فه‌رمى ناسێنراوه.
من بۆیه ئه‌مڕۆ باسی ئه‌م یادگارییه تاڵانه ده‌كه‌م؛ تا بزانرێت ئه‌و كاته‌ى جڵه‌وى ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست خۆمان نه‌بووه؛ دوژمنانى گه‌له‌كه‌مان چیان به‌سه‌ر خه‌ڵكى ئێمه هێنا، ئه‌مڕۆش ئێمه سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان بده‌ین و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و ئارام بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌بێ جیاوازی دابین بكه‌ین.
ساڵی 2005 كاتێك له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له عیراق دانیشتین بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری تازه‌ى عیراق، ئازاره‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانمان هه‌ر له خه‌یاڵ بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش بڕیارمان دا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێین.
ئێمه سوربوونی خۆمان بۆ بنیادنانه‌وه‌ی عیراقێكی نوێ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه تیایدا كورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی عیراق؛ هه‌ست به ئارامی و سه‌قامگیری بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر بنیادنانه‌وه‌ی وڵاتێك ده‌كه‌ینه‌وه؛ كه پێشتر سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زى به‌ڕێوه‌ى ده‌برد.
ڕاسته ناتوانین بڵێین ئه‌و ده‌ستووره‌ی دامانڕشتووه و په‌سند كرا؛ بێ كه‌موكوڕییه و هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی تێدا ده‌سته‌به‌ر كراوه كه گه‌له‌كه‌مان خه‌باتى بۆ كردووه و قوربانى بۆ داوه. به‌ڵام هیچ ده‌ستوورێكیش ناتوانێت هه‌موو خواست و ویستى هه‌موو لایه‌ك بهێنێته دی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونی بنه‌ماكانی فیدراڵیزم و فره‌یی و دیموكراسی و نامه‌ركه‌زی له ده‌ستوورى عیراقى فیدراڵ‌دا چه‌سپاوه و بۆ هه‌موو لایه‌كمان ڕوون و ئاشكرایه.
باوه‌ڕی ته‌واومان به‌وه هه‌یه كه ته‌نها ڕێگه بۆ هێنانه‌دیى عیراقێكى یه‌كگرتوو و سه‌قامگیر، جێبه‌جێكردنى ئه‌م ده‌ستووره‌یه. ئه‌ویش جه‌خت له‌سه‌ر هاوبه‌شی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داهات ده‌كاته‌وه، ئه‌م بنه‌مایانه‌ش به‌ڕێوه‌بردنی سامانی سروشتی له وڵاته‌كه‌مان ده‌گرێته‌وه.
له مێژووی نوێی عیراقدا داهاتى نه‌وت بۆ چه‌وسانه‌وه‌ى گه‌لانى عیراق و هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانى دراوسێ و سه‌ركوتكردنى خه‌باتگێڕان له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه به‌كار هاتووه. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری گۆڕینی ئه‌م مێژووه تراژیدییه‌ی داوه؛ بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی هه‌رگیزا و هه‌رگیز ئه‌مه دووباره نه‌بێته‌وه.
ئێمه هه‌رده‌م ئاره‌زووی ئه‌وه‌مان هه‌بووه وه‌ك هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قینه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی مێژووى پڕ له چه‌وسانه‌وه و ئه‌زموونى تاڵ و ئه‌و نه‌هامه‌تییه زۆرانه‌ی له ڕابردوو چێشتوومانه، زۆر قورسه باوه‌ڕ به یه‌كێكی دیكه بكه‌ین كه بڕیار له‌سه‌ر داهاتووى گه‌له‌كه‌مان بدات. زۆر جارى تریش گوتوومه: برینه‌كانمان زۆر له‌وه قووڵترن باوه‌ڕ به هه‌ندێك دروشم بكه‌ین.
كاتێك باس له خۆبژێوی ده‌كه‌ین، واتای ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان خۆى بتوانێ هه‌موو پێداویستییه‌كانى خۆى بۆ خۆى دابین بكات و پشت به خۆراك و وزه و پێداویستیى ده‌ره‌وه نه‌به‌ستێت. بتوانێت پارێزگاری له خۆی بكات، كاره‌بای ته‌واوى هه‌بێت و به‌پێى پێویست سووته‌مه‌نى به‌رهه‌م بهێنێت، په‌ره به گه‌شه‌پێدان و سه‌قامگیریی ئابووری و دروستكردنی ده‌رفه‌تی كار و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانمان بدات.
كوردستان هه‌رێمێكی ئارامه له عیراقدا، سوپاس بۆ داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان كه هه‌میشه ڕۆڵێكی بێ وچان ده‌گێڕن له مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگیرى، كلیلی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش پشتگیری و هاوكاریكردنى به‌رده‌وامى هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه له دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان شانازی به بوونی نه‌ته‌وه و ئایین و كه‌لتووری جیاواز ده‌كه‌ین كه له كه‌شێكی گونجاو و برایانه‌دا به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین، ئێمه شانازی به كه‌لتووری لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و لێكتێگه‌یشتن و ڕێزگرتن له یه‌كترى ده‌كه‌ین.
میوانانی به‌ڕێز..
دۆزینه‌وه‌ی یه‌ده‌گی جیهانی له نه‌وت و گاز، واتای كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه به ڕووی جیهاندا، له ئه‌نجامی سیاسه‌تی دروستى وه‌به‌رهێنان له دوای ساڵى 2003 و به پشتبه‌ستن به ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ له 2005، هه‌نگاوه‌كانی گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان به‌خێرایى به‌ره‌و پێش ڕۆیشتن. ئێستا هه‌رێمی كوردستان له پێگه‌یه‌كی گرنگدایه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانیی وزه.
بوونی یه‌ده‌گی (45) ملیار به‌رمیل نه‌وت و (3) تا (6) تریلیۆن مه‌تر سێجا له گازی سروشتی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه، به‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان بۆته سه‌نته‌رێكی بازرگانی كه سه‌دان كۆمپانیای به‌ناوبانگی بیانی به شێوه‌یه‌كی ئارام له وڵاتى ئێمه‌دا كار ده‌كه‌ن. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیر بێت كه به‌پێی ئاماره‌كان بۆ بووژاندنه‌وه‌ى ژێرخانی ئابووریی وڵاتمان؛ پێویستیمان به زیاتر له (30) ملیار دۆلار هه‌یه.
ماوه‌ی دوو ساڵه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له گفتوگۆى به‌رده‌وامدایه بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كان له بواری وزه له‌گه‌ڵ دراوسێكانی عیراق؛ به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران. گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا له‌سه‌ر كه‌رتی وزه به شێوه‌یه‌كی جددی بووه، ورده‌كاریی زۆری تێدا هه‌بووه، گفتوگۆكان زۆر بنیادنه‌رانه بوون و ئێمه‌ش هه‌میشه تێگه‌یشتنی ته‌واومان بۆ ئه‌رك و پابه‌ندبوونی خۆمان وه‌كوو هاووڵاتیى عیراقى كه له ده‌ستووری عیراقدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌مان پێ دراون، هه‌میشه دووپات‌مان ده‌كرده‌وه و دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه.
باوه‌ڕی ته‌واومان هه‌بووه كه ئه‌م گفتوگۆیانه ئه‌نجامێكی به‌رهه‌مداریان ده‌بێت و ده‌بێته هۆی دروستبوونی بارودۆخێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و عیراق نه‌ك ته‌نها له بواری هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و گاز و به‌ده‌ستهێنانی داهات، به‌ڵكوو له بواری هێنانه‌دیی بنه‌مایه‌كی پته‌و كه ببێته هۆی بنیادنانی بناغه‌یه‌كى تۆكمه بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری و سیاسی و سه‌قامگیری و سازانی كۆمه‌ڵایه‌تی له عیراق و ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه؛ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشته ڕێككه‌وتنێك له چوارچێوه‌ى هاوكاریكردن.
گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مایسی 2012 و ئازاری 2013. خۆشحاڵم ئه‌وه بڵێم قۆناغه پراكتیكییه‌كانی جێبه‌جێكردنى ئه‌م چوارچێوه‌یه و به‌شی كۆتایی ئه‌م كارانه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌م دواییانه‌دا كۆتایى پێهات.
وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كانی هه‌رێم د.ئاشتی هه‌ورامی دواتر زانیاریی زیاتر له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه پێویسته گفتوگۆكان به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و به‌رپرسانه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ناردن و داهاته‌كانی نه‌وت؛ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت. لێره‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نم كه‌وا به‌رپرسان له حكوومه‌تی فیدراڵى و لایه‌نی سێیه‌می سه‌ربه‌خۆ بانگهێشت ده‌كه‌ین؛ بۆ چاودێریكردنی ته‌واوی قۆناغه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه.
میوانه به‌ڕێزه‌كان..
ته‌واوكردنی هه‌ماهه‌نگی له بواری وزه له‌گه‌ڵ توركیا سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنه بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان. ده‌مه‌وێ هاوبه‌شه‌كانمان دڵنیا بكه‌مه‌وه كه ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌بێته مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوولا، ئێمه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌رگاكانمان بۆ گفتوگۆ كراوه بووه و هه‌روا به كراوه‌ییش ده‌مێننه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی ته‌واوی خۆی له یارمه‌تیدانی عیراق ده‌گێڕێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی وزه، بۆ یه‌كه‌مجاره هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هاوبه‌شیكردن له ده‌سته‌به‌ركردنى داهاتی نیشتیمانیی عیراق، پێویسته ئێمه له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له حكوومه‌تی عیراق دابنیشین؛ وه‌ك هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه بگه‌ینه ئه‌نجامێك له‌باره‌ی یاسای دابه‌شكردنى داهاتی عیراق؛ هه‌روه‌ك له ماده‌ی 112ی ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عیراقدا هاتووه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بگه‌ینه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا.
بنه‌مای په‌یوه‌ندیی ئێمه ده‌ستووره، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا‌كوو ئێستاش سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردن له به‌غدا ته‌نها مه‌ركه‌زیه‌ت و كۆنترۆڵكردنه، ده‌بێ لاى هه‌مووان، لاى هه‌موو كه‌سێك ڕوون بێت حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و گه‌لى كورد بڕیارى خۆى داوه بۆ دواوه ناگه‌ڕێته‌وه و ده‌بێ به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بنێین. سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی ئێمه واتای ڕاست و دروستیی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه په‌یره‌ومان كردووه و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین.
ئێمه هاوبه‌شه‌كانمان له به‌غدا هان د‌ه‌ده‌ین بۆ كاركردن له‌گه‌ڵمان له‌پێناو بنیادنانی عیراقێكی نوێ كه پشت به دیموكراسی و فیدراڵی و سه‌روه‌ریی یاسا ببه‌ستێت. ئێمه ده‌مانه‌وێ عیراق سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌بێت كه هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان تیایدا له ده‌سه‌ڵات و له داهات به‌شدار بن.
له ڕووی بازرگانییه‌وه پێویسته كار بۆ لابردنی هێڵه سووره‌كان بكه‌ین بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و هاندانی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستاندا؛ وه‌كوو ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌موو عیراق. له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه سوود له پێشكه‌وتنه‌كانی بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ربگرین بۆ ڕزگاركردنی عیراق له ئاژاوه و دووبه‌ره‌كى و هێرشى به‌رده‌وامى تیرۆرستان.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته وڵاتێك دروست بكه‌ین كه له ناوخۆ به ئاشتى و ته‌بایى بژى و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش له‌گه‌ڵ دراوسێكان و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیدا به ئاشتیانه بژی و هه‌ڕه‌شه نه‌بێت بۆ سه‌ر هیچ لایه‌ك.
میوانانی به‌ڕێز..
ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئێمه له بوارى هاوكاریى وزه له‌گه‌ڵ توركیا، بۆته هۆی نیشاندانی ڕوویه‌كی دیكه‌ی عیراقی نوێ، ئه‌م هه‌نگاوه به هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی مه‌ترسی نیه بۆ هیچ لایه‌نێك، به‌ڵكوو ماف و ئه‌ركێكی سیاسی و یاسایی و نه‌ته‌وه‌ییه كه ئێمه له هه‌رێمى كوردستان ئاماده نین به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری بین. دڵنیاین كه ئه‌م هه‌نگاوه له به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى گه‌لانى عیراقه، دڵنیاین كه ئه‌م هه‌نگاوه بۆ خۆشگوزه‌رانى و ئارامیى زیاترى هه‌موو گه‌لى عیراقه، مێژووش ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت.
له كۆتایى قسه‌كانمدا دیسانه‌وه به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆنفرانسه ده‌خوازم. جارێكى تر به خێر بێن، زۆر سوپاس.
