ئاسایشی سلێمانی: 63 گەنج بۆ بەناو جیهاد چوونەتە سووریا
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەو شەپۆلە راپەڕینەی گەلانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە، چەندین كێشەی لێكەوتەوە، چەندین جۆر رێكخراوی نیشتمانی و رێكخراوی ئاینی و رێكخراوی تووندڕەو و رێكخراوی بەناوی ئیسلامی و رێكخراوی تیرۆرستی نوێ دروست بوون، دیارترین شۆڕشی گەلانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی سووریا بوو كە كاریگەریەكانی پەلی هاویشت بۆ عێراق و لە عێراقیشەوە كەم تاوەكو زۆر كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان وەدەركەوتن و ئەوە بوو ئەم كاریگەریە لەلایەن هەندێ كەسەوە قۆزرایەوە و توانیان تاوەكو رادەیەكی كەم هەست و سۆزی لاوانی هەرێمی كوردستان بەناوی ( جیهادكردن ) و لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلامی پیرۆزدا فریوبدەن، لەكاتێكدا كە هەرێمی كوردستان و گەلی كورد لە سەرجەم پارچەكانی دیكە پێویستی هەنوكەیی بە توانای گەنجان هەیە و كورد زۆری ماوە تاوەكو بتوانێت بە مافەكانی بگات.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت \""خراپی فریودانی گەنجان بۆ ڕۆشتن بۆ وڵاتی سووریاو چەكداربوونیان لەناو هێزە توندڕەوەكان كە خۆی لەچەند ڕێكخراوێكی تیرۆرستیدا دەبینێـتەوە وەك ( بەرەی نەسرە + كەتیبەی مهاجرین و ئەنسار + دولەتی ئیسلامی لە عێراق و شام + سوپای ئازاد ) وەئەم گەنجانە وا فریودەدەن تەنانەت بەگژ براكوردەكانی خۆیاندا دەچنەوەو شەڕی براكوردەكانی خۆیان دەكەن كە چەندین ساڵە لەژێر باری نەهامەتی و داگیركاریدان\"".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بەشێوەیەك ئەم گەنجانە فریودراون كە زۆرێكیان نازانن بەچ ئامانج و بۆ چ مەبەستێك ئەو رێیەیان گرتووەتەبەر و كە تەجنید دەكرێن دژ بەكێ شەڕ دەكەن و بۆكێ خۆیان بەكوشت دەدەن، \""لە وتەی هەندێكیاندا كاتێك كە پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن و ئەڵێن نەمان زانیوە كەشەڕمان پێدەكەن دژ بە گەلەكەی خۆمان و نەتەوەكەی خۆمان، كاتێك بۆیان روندەبێـتەوە، هەڵدێن كە لەڕێگەی توركیا بەناوی گەشت و لەڕێگەی سنورەكانی موسڵەوە ڕوشتوون بەوڕێیەشدا دێنەوە\"".
لە روونكردنەوەكەدا ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای دەكات \""تا ئێستا بەپێی زانیاریەكان ( 63 ) گەنج ڕۆشتونەتە ناو ئەم هێزانە، ئێمەوەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش دوای ئەوەی بەم هەوڵە نەزۆكەی ئەم تاقم و گروپانەمان زانی، ڕێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر و بەپێی یاسا و بەپێی بابەتی یاسایی ماددە ( 2 ) لەیاسایی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر ژمارەی ( 3 ) ی ساڵی 2006، ئەم كەسانە دەستگیردەكرێن و دەدرێنە دادگا بۆئەوەی دادگا دۆسیەكانیان یەكلایی بكاتەوە، تائێستا ( 16) كەس بەتۆمەتی ئیرهاب دەستگیركراون و ڕوو بەڕووی دادگاكراونەتەوە\"".
جەختیش دەكاتەوە، بەهەمان شێوە و بەپێی هەمان ماددەی یاسایی ئەوانەش كە دەستیان هەبێت لە فریودانی ئەم گەنجانەدا دەستگیردەكرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.
لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا ئاسایشی سلێمانی داواكارە، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كە لەم ڕووە وە كاربكەن بۆئەوەی چی دیكە گەنجانی وڵاتەكەمان، فریونەدرێن و هەڵنەخەڵەتێنرێن، توانای مرۆیی وڵاتەكەمان بەفیڕۆ نەڕوات و گەنجانمان لەبری خوێندن و پێشخستنی وڵات و كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، روو بەڕووی چارەنوسێكی نادیار نەكرێنەوە و بەدەستی پیلانگێڕان و قین لەدڵان فریونەدرێن و روو بەڕووی براكوردەكانمانیان نەكەنەوە و بە كوشتیان نەدەن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، لە رووی یاساییەوە دەبێت هەموو ئەوە بزانن كە هەركەسێك ئەم جۆرە كارانە ئەنجام بدات، یاخود گەنجان هان بدات و فریویان بدات ئەوا چارەنوسی یان كوشتنە لەناو ریزەكانی ئەم گرووپ و تاقمانەدا یان روو بەڕووكردنەوەیانە بەیاساو سزا دانیانە.
رووداو"
