سه‌رۆكی هه‌رێم: وڵاتی ئێمه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌ی هێز و وزه‌ له‌ جیهاندا

سه‌رۆكی هه‌رێم: وڵاتی ئێمه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌ی هێز و وزه‌ له‌ جیهاندا
ئەمرۆ دووشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی لەگه‌ڵ شاندێكی هاوبەشی كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی و حكوومەتی رووسیای فیدراڵ، رایگه‌یاند، هەرچەند ئاوەدانكردنەوەی وڵاتی ئێمە له‌ دوای 1991 كارێكی قورس بوو بەڵام بە ئیرادە و پاڵپشتیی خەڵك توانیمان وڵاتی خۆمان بگەینینە ئەو رۆژەی كە بووەتە ناوچەی هێز و وزە لە جیهاندا.

شانده‌كه‌ی رووسیا پێكهاتبوون لە ئەلەكساندر دیۆكۆڤ بەرێوەبەری كارگێریی كۆمپانیای گازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی رووسیای فیدراڵ و ڤالێریەن شوڤایۆڤ جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و ژمارەیەك كاربەدەستی حكوومی و بەرێوەبەرانی كۆمپانیای گازپرۆمی رووسیا.

لە دیدارێكدا سەرەتا ئەلەكساندر دیۆكۆڤ سەرۆكی شاندەكە سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند بۆ رەخساندنی ئەو دیدارە و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیانكراوە و هەروەها سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە جوانیی سرووشتی كوردستان و ئەو بووژانەوەیەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە كایەوە كە لەسەرەوەی هەموو چاوەروانییەكانە و نیشانەیە بۆ ئەوەی كە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە سەركەوتوو بووە و هەرێمی كوردستان لە قۆناغی ژیانێكی چالاكدایە و ئەوەیان بۆ دەردەخات كە لە هەرێمی كوردستاندا ستراتیژی و بەرنامەیەكی رێكخستوو و ئامانجدار هەیە.

شاندی میوان ئەوەشی بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە كە كۆمپانیا رووسیاییەكان ئارزوویەكی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و گازپرۆمیش نموونەی ئەو كۆمپانیایانەیە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەن پێگە و متمانەیەكی گەورەیە و پشتیوانیی حكوومەتی رووسیاشی لەپشتە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئاماژەی بەوەدا كە كاروباری كۆمپانیا رووسییەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر بەباشی بەرێوە دەچن و سوپاسی دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیكرد و ئەوەشیان باس كرد كە لەتەك چالاكییە ئابوورییەكانی بواری نەوت و وزە ئەوان ئامادەن لە بوارەكانی دیكەیشدا سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستاندا بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان لەنەخشەی جیهاندا ناوچەی وزە و ناوچەی هێزە و، رووسیا حەز دەكات بەشدار بێت لە بەرەوپێشەچوونی ژیان و ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژوو و بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان باس كرد و لەبارەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان گوتی: \" لەدوای ساڵی 1991 قەبارەی ئەو وێرانییەی لەسەر دەستی بەعس لە وڵاتی ئێمەدا كرابوو زۆر گەورەبوو و زیانی گەورەی ماددی و مەعنەویی و مرۆڤی بەر خەڵكی ئێمە كەوتبوو و دەبوایە ئاوەدانی بكەینەوە، هەرچەند ئاوەدانكردنەوە كارێكی قورس بوو بەڵام بە ئیرادە و پاڵپشتیی خەڵك توانیمان وڵاتی خۆمان بگەینینە ئەو رۆژەی كە بووەتە ناوچەی هێز و وزە لە جیهاندا\"".

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەنگاوەكانی كۆمپانیای گازپرۆم لە كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەردوولایش سەرۆك بارزانی هێمای بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی رووسیا و كوردستان چ لەرووی سیاسی و چ لەرووی كولتووری دا و هەروەها رۆڵی زانا بەناوبانگەكانی رووسیایشی لە لێكۆڵینەوە لەسەر مێژووی گەلی كورد و ناساندنی بە جیهانیان بەرز نرخاند.

هەر لەو دانیشتنەدا هەردوولا هاورابوون لەسەر ئەوەی جگە لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری پێویستە پەیوەندییە فەرهەنگی و زانستی و هونەرییەكانی رووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەیان پێ بدرێت."
Top