ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لە کوردستان دەستی پێکرد

ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لە کوردستان دەستی پێکرد
ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وەزارەتی تەندروستی ده‌ست پێکی دوو ھەڵمەتی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ ھۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز ڕاگەیاند.

لە وتاری دەست پێکی ھەڵمەتەکەدا، رێکەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ھاوشان لەگەڵ وڵاتانی جیھان ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز دەست پێدەکەین کە ٣٢ساڵە سەری ھەڵداوەو بەردەوام ھەڕەشەی تێکچوونی تەندروستی مرۆڤ دەکات و تائێستاکە ٣٦ ملیۆن کەسی کوشتووەو ٣٥ ملیۆن کەسیش نەخۆش، سێ ملیۆنیان منداڵن و دوو ملیۆنیان ھەرزەکارن و لەساڵی ٢٠١٢ دوو ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار مرۆڤ بەھۆی ئەو ڤایرۆسە مردوون و دوو ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەسی دیکە تووشی بوون.

ھەروەھا گوتی: ئێستا دژە ڤایرۆسێک دۆزراوەتەوە کە درێژە بە ژیانی تووشبوو دەدات، بەڵام دژە ڤایرسێکی بەرەنگاربوونەوە نییە، تاوەکو بتوانێت توووشبوو بەو نەخۆشییە چارەسەری پێویست وەربگرێت.


وەزیری تەندروستی ھەرێم گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستانیش توانراوە پارێزگاری لە پاکی کوردستان بکرێت لەو نەخۆشییە تائێستا تەنھا ١٥ نەخۆش تۆمار کراوەو زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس پشکنینیان بۆ کراوە، لەساڵی ٢٠١٣ بەھۆی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجامدراون ١٧ حاڵەت دەستنیشانکراون ١٥ حاڵەتیان بیانی بوون و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە ، ٢ حاڵەتیشیان کوردبوون، ئێمە دەزانین کە کوردستان مەترسی لەسەرە بۆیە پێویستمان بە ھاوکاری ھەموو لایەک ھەیە بۆ بەرەنگاری ئەو نەخۆشییە، بەتایبەتیش ڕاگەیاندنکاران و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە کە ڕۆڵی کاریگەردەبینێت لە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان.


لەبارەی ئەم ھەڵمەتەش وەزیری تەندروستی گوتی: ئەم ھەڵمەتەی ئەمڕۆ دەستی پێدەکەین دوو ھەڵمەتی جیاوازە یەکیان ھەڵمەتی ١٠ ڕۆژەیە کە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە، ھەروەھا ھەڵمەتێکی یەکساڵەیە بە ھاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.


لە بەشێکی دیکەی ئەو ھەڵمەتەدا بە داتاشۆ باسی ئەو ڤایرۆسەکراو ئاماژە بەلایەنەکانی ڤایرۆسەکەو شێوازی گەشەکردن و چۆنییەتی ڕێگرتن و خۆپاراستنی کرا.
Top