حكومەتی هەرێم نوێنەرێكی تازەی لە وڵاتی سوید دەستنیشان كرد

حكومەتی هەرێم نوێنەرێكی تازەی لە وڵاتی سوید دەستنیشان كرد
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و پاڵپشت بە رێنماییەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە دوای یەكەمین كۆنفرانسی نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە جەختی لەسەر كرایەوە بۆ دامەزراندن و گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بیانی لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و دروست و بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ئەرك و كاری نوێنەرایەتیەكان، نوێنەرێكی تازەی حكومەتی هەرێم دەستنیشان كرا.

لەم بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ سایتی حكومەتی هەرێم فەلاح مستەفا گووتی: لەبەردەوامی سیاسەتی كرانەوە بەڕووی جیهان و دروستكردنی پەیوەندی دۆستانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنەو هاوبەش، حكومەتی هەرێم نوێنەرێكی تازەی خۆی لە وڵاتی سوید دەستنیشان كرد لە شوێنی بەڕێز هێرش خولە عزیز فرحان.



بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی ژمارە 1427 لە بەرواری 18/11/2013 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندنی بەڕێز شۆڕش قادر رەحیم وەك نوێنەری تازەی حكومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید لەسەر میلاكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە/ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە مووچەو دەرماڵەی شایستە.



لە درێژەی لێدوانەكەیدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و كارەكانی بەڕێز هێرش خولە عزیز فرحان نوێنەری پێشووی حكومەتی هەرێم لە سوید، پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێز شۆڕش قادر رەحیم دەكەین و هیوادارین بەڕێزیان لەئاست ئەو متمانەیە بێت كە حكومەتی هەرێم پێیداوە، ئەویش بۆ بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید و بایەخدان و خزمەت گەیاندن بە رەوەندی كوردستانی و گەیاندنی پەیامی حكومەت بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و تایبەت و زانكۆ و ناوەندە رۆشنبیری و كەلتوریەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.



هاوكات بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو پەرەسەندنانەی كە لە رێی بەدامەزراوەیی كردنی پەیوەندیەكانی دەرەوە دێنە ئارا ئەویش لەژێر رێنماییەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی حكومەتی هەرێم كە دەخوازێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەسەر بنەمایەكی دروست و بە شێوازی دامەزراوەیی بونیات بنرێن.
Top