نێچیرڤان بارزانی لە توركیا: پێش سەری ساڵ هەناردەی نەوت دەستپێدەكەین
شەوی رابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بەرەو توركیا بەڕێكەوتن و بڕیارە ئەمڕۆ رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان بكرێت.
ئەو شاندەی یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەكەن، بریتین لە: عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆدەبێتەوە، بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداویش، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واژوو دەكات، كە لە رێگەی ئەو بۆرییە نەوت و غازەوە هەناردە دەكرێت، كە سەرەتای ئەو مانگە تەواو ئامادەبووە.
رووداو
