یەكشەممەی داهاتوو، زیاتر لە 100 كۆمپانیای نەوت و غاز دێنە هەولێر

یەكشەممەی داهاتوو، زیاتر لە 100 كۆمپانیای نەوت و غاز دێنە هەولێر
سێیەمین كۆنفرانسی نەوت و غاز لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە هەولێر بەڕێوەدەچێت كە بە یەكێك لە گەورەترین كۆنفرانسەكانی وزە دادەنرێ و زیاتر لە 100 كۆمپانیای ناوداری دنیا لە بواری وزە و 800 كەسایەتی سیاسی و دیبلۆماتكار و خاوەنكار بەشداری تێدا دەكەن.

نەوار عەبدولهادی، جێگری سەرۆكی گرووپیcwc، كە سەرپەرشتی كۆنفرانسەكانی نەوت دەكات لە دنیا بە (رووداو)ی راگەیاندووە “پتر لە 100 كۆمپانیای نێودەوڵەتی لە بواری نەوت و غاز، ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ بەشداریكردن لەو كۆنفرانسەدا”.

بەستنی كۆنفرانسەكە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنە بۆ رەوانەكردنی راستەوخۆی نەوتی خۆی بۆ توركیا لەڕێی بۆڕییەوە.

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر مەسەلەی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە رایگەیاند “تاكۆتایی ئەمساڵ نەوتی كوردستان هەناردەی توركیا دەكرێ”. هەروەها نێچیرڤان بارزانی، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە رۆژی 24/11/2013 بەڕێوەچوو، رایگەیاند كە سەردانی بەغدا دەكات بۆ روونكردنەوەی ئەو بابەتە بۆ حكومەتی عێراق.

جێگری سەرۆكی گرووپی cwc زیاتر باسی كۆنفرانسەكەی كرد كە بڕیارە لە 1/12/2013 ئەنجام بدرێ و بۆ ماوەی چوار رۆژ درێژە دەكێشێ.

ئەو گوتی كە جگە لە كۆمپانیاكان زیاتر لە “800 كەسایەتی سیاسی و خاوەنكار بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن”. لەسەر ئاستی عێراقیش هیچ نوێنەرێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بەشداری كۆنفڕانسەكە ناكات، بەڵام د.رۆژ نووری شاوەیس كە جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقە، بەشداری كۆنفرانسەكە دەكات.

كۆنفرانسەكە لەژێر ناونیشانی (نەوت و غازی هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمەكە)یە بەڕێوە دەچێت و تێیدا كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و هەلی وەبەرهێنان تاوتوێ دەكرێ.

بەشێكی كۆنفرانسەكە تایبەت دەبێت بە راڤەكردنی پرۆژەیاسای نەوت و غازی عێراق كە رەشنووسەكەی لەساڵی 2007ەوە لە پەرلەمانە و پێكهاتەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها راڤەی یاسایی بۆ گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كە بەگوێرەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان واژۆ كراون و بەغدا ئامادە نییە دانی پێدا بنێ.

تاوەكو ئێستا زیاتر لە 50 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنانی نەوت كار دەكەن.
Top