سەنگ و پێگەی بارزانی مافەكانی كوردی پێشخستووە
لە وتارێكی دا بۆ گۆڤاری گوڵاندا تۆزەن باهچلی دەڵێ:سەنگ و پێگەی بارزانی مافەكانی كوردی پێشخستووە .
دەشڵێ كە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد لەسەر بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، رووداوێكی مێژوویی بوو، كە سێ بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا نەدەكرا وێنای روودانی رووداوێكی لەم چەشنە بكرێت. پشتیوانی بارزانی بۆ دەستپێشخەریە نوێیەكەی حكومەتەكەی ئەردۆغان هاوكار و یارمەتیدەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەكی زۆر ناسیۆنالیستە كوردەكانی توركیا، لە نێویاندا زۆرێك لە ئەندامانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی (بەدەپە) جار لە دوای جار دوپاتی دەكەنەوە كە كێشەی كورد پێویستی بە گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و سەركردایەتی كوردی توركیا هەیە، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی مافە جەماعیەكانی كورددا. ئەمە مەسەلەیەك نییە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێردا. بە رەچاوكردنی ئەوەی وترا، ئەو پێگە مەزنەی سەرۆك بارزانی لە نێوان كوردەكانی توركیا هەیەتی و ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەی لە پەیوەندیەكانی توركیا و كوردستاندا بەدی هاتووە سوودبەخشە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
هەروەها تۆزەن باهچلی لە وتارەكەی باسی ناوەكەی كوردستان دەكات دەڵێ :
-ماوەیەكە حەرامبوونی – ناوهێنان و ئاماژەكردن بە- كورد و كوردستان لە توركیا بەسەرچووە و ئەمەش دوایین نموونەیە لەم رووەوە. ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا نەبوو كە سەرۆكی توركیا عەبدوڵڵا گویل بە شێوەیەكی بەرفراوان كەوتەبەر رەخنە بەهۆی بەكارهێنانی وشەی كوردستانەوە. ئەردۆغان ئەو مشتومڕەی لەبەرچاو بوو كە لێدوانەكەی گویل دروستی كرد، ئەم وشەیەی وەك ئاماژەیەك بۆ خواستەكەی خۆی بەكارهێنا و بۆ بەدەستهێنانی سۆزی دەنگدەرانی كورد كە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا لە هەڵبژاردنە شارەوانی و سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاریەكاندا دەنگ دەدەن. گومان هەڵناگرێت كە ئەردۆغان پابەندە بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، پارتی داد و گەشەپێدان(ئاك پارتی) بەرەوپێشچوونێكی زۆری بەدەستهێناوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ داواكاریەكانی كورددا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، ئایا ئاك پارتی بە چ رەوتێك پرسەكانی پەیوەست بە زەمانەتی دەستووری بۆ پاراستنی زمان و كەلتوری كوردی، و خوێندنی كورد لە قوتابخانە حكومیەكان، هەروەها ئۆتۆنۆمی لە ناوچە كوردیەكەدا، ئەهێنێتەدی.
-
لەلایەكی ترەوە باهچلی باسی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ:
پێموایە دەتوانین گریمانەی ئەوە بكەین كە ئەو خۆبەڕێوەبەریە(ئۆتۆنۆمیەی) هەرێمی كوردستان هەیەتی كاریگەریەكی گەورەی هەیە لەسەر كوردەكانی توركیا و بۆتەهۆی وروژاندنی هۆشیاری نەتەوەییان. حكومەتی توركیاش ئەو راستیە دەزانێت.
بۆ خویندنەوەی زیاتر لە ژمارەی (954)ی گۆڤاری گوڵـاندا بخوێنەوە.
