لێدوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا

 لێدوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا
فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لای مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك تەوەر خرانە بەر باس و گفتووگۆ بەتایبەتی پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاردرا ئەو پەیوەندیانە بەرەو باشی بچن.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەكرا كێشەكانی رابردوو لەبیر بكرێن و زیاتر سەیری ئایندەی پەیوەندییەكان بكرێت لەنێوان ئەم دووهێزەدا.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتیش، هەردوولا جەختیان كردەوە كە حكومەتێكی بنەكە فراوان پێكبهێنرێت، وردەكاری پێكهێنانی حكومەتیش جێهێڵرا بۆ ئەو لێژنانەی لە لایەن هێزە سیاسییەكان دروستكراون.

فوئاد حوسێن گوتیشی \"لە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا زیاتر باس لە پێكهێنانی حكومەت كرا\"".

پێشتر فوئاد حوسێن بە رووداوی راگەیاندبوو، كۆبوونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا گرنگییەكی زۆری هەیە. گوتیشی كە ئەو دیدارە بۆ دانوستاندن نییە \""بەڵكو سەردانەكە زیاتر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە و گەیاندنی هەندێ پەیامە\"".

لەبارەی ئەو لایەنەش كە پەیامەكەی ئاراستە دەكرێت ، گوتی \""هەندێ پەیام دەگەیێنێ، بەتایبەتی بۆ دەرەوە كە كورد یەكڕیزەو ئەگەر یەكیشنەگرن ئەوا بیركردنەوەیان یەكە \"".

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دڵنیاییدا كە \""سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر حیسابی هیچ لایەنێك، نە یەكێتی و نەهیچ لایەنێكی دیكە لەگەڵ كاك نەوشیروان كۆنابێتەوەو ئەوە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوەشێتەوە\"".

ئەمڕۆ دووشەممە 25/11/2013 نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە، دواتریش سەردانی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە هەولێر و كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیان ئەنجامدا.






رووداو"
Top