نێچیرڤان بارزانی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت

نێچیرڤان بارزانی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت
میوانانی بەڕێز.... خوشك و برایانی خۆشەویست... ئەم كاتەتان باش خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگای ڕەخساندی دەرفەتی كار. دیارە مەبەستی سەرەكی لە ڕێكخستنی ئەم جۆرە پێشانگایە دامەزراندنی پردی پەیوەندیە لە نێوان كۆمپانیاكان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی كە زۆر بە جددی بەدوای كاردا دەگەڕێن. ئێمە لە حكومەت ئەم هەنگاوە وەك كارێكی پێویست و گرینگ دەبینین، لەبەر ئەوەی گەشە بە پەرەپێدانی بواری وەبەرهێنان دەدات. هاوكات ئاسۆی بواری ئابووری ناو كۆمەڵگا فراوانتر دەكات. لەهەمان كاتدا دەبێتە مایەی كەم كردنەوەی ڕێژەی بێ كاری لەناو كۆمەڵگا. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوریەكی بەهێز و پەرەپێدان بە كەرتی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین هەموو ئەو كەسانەی بە دوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێن لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیاندا بەئاسانی كاریان دەستكەوێت. ئێمە لە كاتی كردنەوەی پێشانگای ڕەخساندنی هەلی كار لە سەرەتای مانگی 9 ی ئەمساڵدا گووتمان: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناتوانێت دەرفەتی كار بۆ سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی بەدوای كار دەگەڕێن دابین بكات، بەڵام سوور بووین لەسەر ئەوەی كەوا هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی بازاڕی كار چالاكتر و كاریگەرتر و شەفافتر بێت. هەرچەندە هەرێمی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، دەبێ‌ شیكردنەوەی زیاتر بۆ دەرنجامەكانی بكەین و بپرسین ئایا تاچەند هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەو سەركەوتنانە سوودمەندبوونە كە تا ئێستا ئێمە لەم هەرێمەدا لەم وڵاتەدا بەدەستمان هێناوە. ڕەخساندنی هەلی كار پرۆسەیەكی بەردەوامە، ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر بەجیدی كارمان كرد، بۆ ئەوەی تەواوی هاوڵاتیانی كوردستان لە هەرێم لە گەشەسەندنە ئابووریەكان سوودمەندبن. وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكومەتی هەرێم لە نزیكەوە كاری زۆر جددی كردووە لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی كار. هاوشێوەی ئەو هەوڵانەش دەرفەتی كارو پڕۆژەكانی وەزارەتەكانی تری حكومەتی هەرێم بوون. چەند مانگێك لەمەوبەر بەشداریم كرد لە مەراسیمی كردنەوەی وێب سایتی (كوردستان كار دەكات) بۆ خستنەڕووی دەرفەتەكانی كار لە كەرتی تایبەت كە بەشێوەی ئۆن لاین هاوڵاتیان دەتوانن سوودی لێوەربگرن. پشتگیریمان لە كۆنفرانسی ساڵانەی كار كرد، كە لەلایەن ژمارەیەك گەنج ڕێك دەخرێت بە ئامانجی دروستكردنی پردێك لەنێوان كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و ئەو كەسانەی بە دوای كاردا دەگەڕێن. هاوكات وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو زانكۆكان جەخت لەسەر پێدانی دەرفەتی زیاتری كار دەكەنەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێ‌ كار بكەن و بۆ ئەوانەی كە لەدەرەوە دەگەڕێنەوە. كەرتی ئابووری هەرێم فراوانی و گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیووە، بۆیە پێویستە كۆمپانیا ناوخۆییەكان هەوڵ بدەن شێوازی كاركردنیان مۆدێرن بێت. ئەمڕۆ لێرە ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیی هەیە، بۆیە رووی قسەم لەوان دەكەم و داوایان لێدەكەم لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە كارمەند دابمەزرێنن. نەك هەر بەوەندە بووەستن بەڵكو پێویستە وەبەرهێنان بكەن لە تواناو ئایندەی گەنجانی هەرێمی كوردستان، ئەویش بە سپۆنسەر كردنیان و دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆیان و رەخساندنی زەمینە بۆ بەشداری كردن لە خولی بیناكردنی تواناكان تاكو ببنە سەرچاوەیەك بۆ كۆمپانیاكان و سەرچاوەیەكش بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها داوا لە كۆمپانیا بیانیەكان دەكەم كە پابەندبن بە ستانداردە نێودەوڵەتیەكان لە ڕووی دامەزراندنی كارمەند و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەكان. كار و ڕەخساندنی دەرفەتی كار یەكێك دەبێت لە بابەتە گرنگەكانی كابینەی داهاتوو، هەروەك چۆن ووڵاتە پێشكەوتووەكان زۆر بەووردی چاودێری گەشەی ئابوری وڵات و دەرفەتی كار و ئاستی بژێوی هاوڵاتیان دەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە داهاتوو بەم شێوەیە كار دەكات. پێویستە گەنجەكانمان بەردەوام بن لە خۆ پێگەیاندن، بەشدار بن لە خولەكانی پەرەپێدانی تواناكان و مەشق و راهێنان لە بوارە جیاجیاكان. لێرەدا دەمەوێ‌ روونتر پێتان بڵێم، كە دۆزینەوەی كار لەسەرتاسەری دونیادا ئەركێكی قورسە و ئاسان نییە، بەڵام دۆزینەوەی كارێكی گونجاو بەبێ‌ خوێندن و خولی مەشق و ڕاهێنان زۆر زەحمەت ترە. دڵنیاین كە سیستەمی خوێندن لە تەواوی قۆناغەكانی بنەڕەتی، ئامادەیی، زانكۆ بەشێوەیەكی دروست داڕێژراوە. كۆرسەكانی خوێندن و كۆلیژ و بەشی زانكۆكان لەسەر بنەمای داواكاری بازاڕی كار دانراوە، نەك بەپشت بەستن بەسیستەمی كۆن. دڵنیام كە ئەمڕۆ كۆمپانیاكان ژمارەیەكی زۆر كەسانی خاوەن بەهرە و شارەزا دەدۆزنەوە كە بە دوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێن. بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەم دەرفەتانە كاردەكات بۆ كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان لە سەنتەرە پیشەییەكان. پێویستە لەسەرمان كاربكەین بۆ ئەوەی هەموو منداڵێكی كوردستان خاوەن بەهرە و توانابێت بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەشی هەبێت. ئێمە باوەڕی تەواومان بەو پرەنسیپە هەیە ، كەوا بەهێزبوونی كەرتی تایبەت، دینەمۆیەكی كاریگەرە بۆ بەهێزبوونی ئابووری وڵات. باوەڕی تەواومان بە ئایندەیەكی روون هەیە و بێ ووچان كار دەكەین بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان. هیواو ئامانجی سەرەكی ئێمە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و دابینكردنی ژیانی پڕ لە ئاسایش و ئارامی و پێشكەوتنە بۆ هاوڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان لێرەدا دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی خۆم ئاژانسی هاریكاری نێودەوڵەتی ئەمەریكا (USAID) كە ئەمڕۆ نویچنەریان لێرە تەشریفیان هێناوە بكەم لەگەڵ هاوكارانیان كە بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و دەرەكی ئەم پێشانگایەیان ڕێكخستووە. سوپاسی ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە سپۆنسەری ئەم پیشانگایەیان كردووە. بەجددی كار بكەن بۆ دابینكردنی كار بۆ گەنجانی كوردستان. ئەمە خاڵێكی زۆر گرینگە، دووبارە سوپاسی (USAID) و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەم. هیوادارم ئەم پڕۆژانە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان بۆ گەنجان بەردەوام بن و ئومێدی سەركەوتن بۆ هەموولایەكتان دەخوازم و بەخێربێن.
Top