سهرۆكی ههرێم لهگهڵ پاڵهوانانی كوردستان كۆبۆوه
لە دیدارێكدا پاڵەوانانی كوردستان و شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و ئەوەشیان بە سەرۆك بارزانی راگەیاند كە بۆ ئەوان شانازییەكی مەزن و بەدیهاتنی خەون بوو كە توانیان ئاڵای كوردستان لە گۆڕەپانە وەرزشییە جیهانییەكان بەرز بكەنەوە.
دواتر پاڵەوانانی كوردستان كورتەیەكیان لە سەردان و بەشداربوونیان لە كێبڕكێی جیهانییەكان باس كرد و هەروەها نوێنەرانی یەكێتیی لەشجوانانی كوردستان و لیژنەی پارائۆلۆمپیی كوردستان سەرۆك بارزانیان لە چۆنییەتیی كاروباری یەكێتییەكانیان و بەرنامەی داهاتوویان و هەروەها بەڕێوەچوونی كێبڕكێی پاڵەوانێتیی جیهانیی لەشجوانی و نابینایان لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە ساڵی ئاییندەدا ئەنجام بدرێت ئاگادار كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی پاڵەوانان و شاندە وەرزشییەكەی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی لێكردن بەبۆنەی سەركەوتنیان و وەرگرتنی میدالیای زێڕین لە گۆڕەپانە وەرزشییە جیهانییەكاندا.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی كە گەلی كوردستان ڕۆڵەی وای هەبێت كە بتوانێت ناو و ئاڵای وڵاتەكەیان لە جیهاندا بەرز بكەنەوە.
لەبارەی بایەخی وەرزش لە ژیانی سیاسیدا سەرۆك بارزانی گوتی: \" وەرزش ڕێگەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانن پەیامی گەلەكەتان بە جیهانیان بگەیێنن و لەڕێی وەرزشەوە دەتوانن زۆر بە باشی خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەتان بكەن و زۆر جار خەڵك بەهۆی وەرزشوانانەوە وڵاتانی جیهان باشتر دەناسن\"""
