فوئاد حوسێن: "تاوەکو کێشەکانی رۆژئاوا چارەسەر نەکرێن، کۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێ

فوئاد حوسێن:
د.فوئاد حوسێن بۆ بەرنامەی (کەوانەی سوور)ی کەناڵی (رووداو) هۆکارەکانی نەبەستن و دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی کرد و گوتی: کێشەیەکی گەورە هەیە لە نێوان PYD و حیزبەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێست لەنێو کۆنگرەی نەتەوەیی کورد. یان لە نێو کۆمیتەی ئامادەکار.

د.فوئاد حوسێن زیاتر گوتی: سێ چوار ساڵ پێش ئێستا باسی کۆنگرەی نەتەوەیی کراوە، هەتا ئەوکات باسی کۆمیتەکەش کراوە. بەڵام بارودۆخی سیاسی و بابەتی ئامادەنەبوو، کە پرۆسەی سیاسی لە تورکیا دەستیپێکرد، بارودۆخی سووریا وای بەسەرهات و حیزبە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بڕیاریان دا پێکەوە کار بکەن، ئەوە زەمینەی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی خۆشکرد. ئەو پێشنیازە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرا، کۆمیتەکەش پێکهێنرا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانیش گۆڕا. بۆیە تاوەکو کێشەکانی رۆژئاوای کوردستان چارەسەر نەکرێن، کۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێ. دەربارەی ئەوەیش کە هیچ وڵاتێکی هەرێمی رۆڵی هەبوو لە دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی؟ د.فوئاد حوسێن دەڵێت: ئەگەر تۆ باسی ئەوە بکەی کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد وەسیلەیەکە بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە، ئەوە بێگومان کاردانەوە دەبێت. کۆمەڵێک لێدوانیش لەوبارەیەوە دران. پێشبینی خەڵکیش بەرز کرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی دونیای لێکەوتەوە. ئەو هاوکات دەربارەی ئامانجی کۆنگرەکە دەڵێت: کە باسی ئامانجی کۆنگرە دەکرا، زۆر پێشنیاز دەکران، هەندێک دەیانگوت وەسیلەیەکە بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە، هەندێکیان باسی شتێکی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبییان دەکرد. تەنانەت هەندێکیان باسی ئەوەیان دەکرد کە سەرکردایەتییەک دروست ببێ بەناوی سەرکردایەتی نەتەوەیی. ئەو تەرحانە هەڵە بوون. ئەمانجی بارزانیشی لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی وەها خستە ڕوو: ئامانجی بارزانی ئەوە بوو کە کورد یەک پەیامی هەبێت، بە دونیای دەرەوە بڵێت ئێمە یەک نەتەوەین و ئەوەش ناسنامەمانە. راستە دابەشبووین، بەڵام یەک نەتەوەین، هەر پارچەیەکیش بارودۆخی خۆی هەیە، بەڵام پەیامی ئەو نەتەوەیە ئەوەیە بگەینە ئامانجی خۆمان، بەڵام بەشێوەی دیالۆگ و ئاشتی و سیاسی. ئەو کۆنگرەیە بۆ ئەوە بوو مەسجێکی سیاسی بدەیتە دونیای دوور کە ئەو میللەتە هەیە. ئەو میللەتە مافی هەیە، ئەو میللەتە پێویستە بگاتە ئامانجی خۆی. هەندێک پێشنیاز کران کە سەرۆکایەتیی ئەو کۆنگرەیە بە شێوەی دەوری بێت یان بە شێوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی بێت، بەڵام بارزانی ئەو پێشنیازانەی رەت کردنەوە، ئایا ئەوە تا چەند کاریگەری هەبوو؟ د.فوئاد حوسێن لەو بارەوە دەڵێت: ئەو پرسیارە لە برادەرانی کۆمیتەی ئامادەکاری بکە، ئەوان نەچوونە قوڵایی ئەو مەسەلەیە. هەنگاوێکی پێش ئەوە هەبوو کە چەند کەس بەشداری بکەن، گوتیان 600 کورد بەشدار بێت لەگەڵ 300 میوان، جارێ ئەوە هەڵەبوو کە تۆ 1000 کەس بۆ کۆنگرەیەک داوەت بکەی. ئەوە تۆ چۆن رێکیدەخەی. ئەو 600 کەسە چۆن دابەشدەکەی، بۆ نموونە هێزەکانی رۆژهەڵات پێشنیازیان دەکرد کە بۆ هەر پارچەیەک 150 کەس دابنێن، هێز هەبوو قبوڵی نەدەکرد دەیگوت نفوزم زۆرترە. د.فوئاد حوسێن زیاتر ڕوونی کردەوە: بۆ نموونە PKK دەیگوت ئێمە نفوزمان زۆرترە، باسی کوردی باکووریان دەکرد کە ژمارەیان زۆرە، ئەوە یەکێک بوو لە کێشەکان کە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە وەڵامی ئەو پرسەیشدا کە ئایا سەردانەکەی بارزانی بۆ ئامەد دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی PKK لە هەولێر؟ د.فوئاد حوسێن گوتی: PKK و تورکیا ئێستا لە پرۆسەیەکی دیالۆگدان، بەیاننامە دەردەچێت کە پرۆسەکە وەستاوە یان بەردەوامە، دوور نییە ئەوە پەیوەندی بە تەکتیکی دیالۆگەوە هەبێت، بەڵام ئەوە روونە کە ئەوان دیالۆگ دەکەن لەگەڵ ئۆجەلان. ئەو دیالۆگە هەر بەردەوامە. دەربارەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود لەبارەی جیابوونەوەی سلێمانی د.فوئاد حوسێن دەڵێت: باس دەکرا، کۆمەڵێک لە میدیاکان، لەلایەن کۆمەڵێک سیاسەتمەداری هێزێک ئەو بابەتە تەرح کرا. ئەوە مەترسیدارە، سەرۆک بارزانیش بە روونی وەڵامی ئەوەی دایەوە و گوتی ئەوە هێڵی سوورە. زیاتر گوتی: حکومەتیش وەڵامی دایەوە، ئەوە جیاوازە تۆ ململانێی سیاسی بکەی و پێشنیازی خۆت هەبێت. گەرەکت بێت بەشدار بی لە حکومەت. ئەو بیرۆکەیە ئەگەر تەرحیش بکرێ ئاساییە گفتوگۆی لەسەر بکەی. بەڵام ئەوە بیرۆکەیەک بێت و بکرێتە پلان و جێبەجێ بکرێ ئەوە مەترسیدارە.
Top