ھەکاری داوای کردنەوەی دەرگای سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەکا
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی یوكسەكۆڤا (گەڤەر)، ساڵح ئۆزدەمیر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی دەرگای نێوان سنووری یوكسەكۆڤا و ھەرێم کرد و گوتی: کردنەوەی سنووری ھەکاری کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت، لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە گەشە بە پارێزگاکە دەدات.
ئۆزدەمیر ڕوونی كردەوە: پارێزگاکەمان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لە ریزبەندیی دواھەمین پارێزگاکانی وڵاتەکەمانە، وەک لە پێش چاوە وڵاتەکەمان لە ڕووی گەشەسەندنی سەرمایەوە ھەستی پێدەکرێت، کە لەماوە ١٠ ساڵدا بەڕوونی دیارە، لەم ڕووەوە سوپاسگوزاری خۆمان ئاراستەی حکوومەت دەکەین، لە چەند ساڵی ڕابردوودا خزمەتێکی بێوچانی پێشکەش بە پارێزگاکەمان کردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کردنەوەی ھەردوو دەروازەی ڕووبارۆک و چەلێ-ی داوە، بەڵام تائێستا بە کرداری جێبەجێ نەکراوە.
ئۆزدەمیر داوای کرد دەروازە سنوورەکان بە ئامانجی بازرگانی بکرێنەوە و گوتی ئەم دەروازانە بۆ ئابووریی ناوچە و وڵات سودێکی زۆریان دەبێت. ئۆزدەمیر گوتیشی ئەو خەڵکەی لەسەر سنووری ھەردوو دەوڵەت دەژین خزمی یەکترن، بۆیە کردنەوەی ئەم دەروازانە پێویستیەکی سەرەکییە.
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی (گەڤەر)، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی \"کردنەوەی دەروازەکانی رووبارۆک و چەلێ باری دەروازەی خابوور سووک دەکەن. نێوان ھەولێر و روبارۆک ٢ سەعاتە. بە کردنەوەی ئەم دەروازانە لە ھەموو بوارێکدا ناوچەکە گەشە دەکا. بەم دەروازانە ئیتر خەڵک واز لە بازرگانیی نارەسمی دێنن و روو لە بازرگانیی یاسایی دەکەن و داھاتێکی باش بۆ حکومەت بەدەست دێ."
