لە حاڵەتی روودانی بومەرلەرزەیەکی دیكە ئەگەری روخانی قەڵای شێروانە لە ئارادایە

لە حاڵەتی روودانی بومەرلەرزەیەکی دیكە ئەگەری روخانی قەڵای شێروانە لە ئارادایە
پاش ئەوەی دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 5،4 و 5،6 بە پێوەی رێختەر ناوچەی كەلار و گەرمیانی گرتەوە، بە وتەی سەرچاوەیەك نهۆمی دووەم و كڵاو فەرەنگی قەڵای دێرینی شێروانە، چەند درزێكی تێ كەوتووە و لە حاڵەتی روودانی بومەلەرزەی دیكە ئەگەری ڕووخانی قەڵاكە لە ئارادایە.

لەو بارەیەوە لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، محەممەد عەلی، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری رایگەیاند: پاش ئەوەی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو دوو بومەلەرزە ناوچەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە نهۆمی دووەمی قەڵای شێروانە لە شاری كەلار چوار درز لە دیوارەكانی دروست بووە و هەروەها بەشی سەرەوەی قەڵاكەش كە بە كڵاوفەرەنگی ناودەبرێت، بە هەمانشێوە درزی تێدا دروست بووە. هاوكات درزە كۆنەكانیش گەوەرتر بوون.

محەممەد عەلی، گوتی: هەر بەوهۆیەوە ئەو پارچە كەلەپورییانەی كە بۆ نمایشكردن دانراون، بەشێكیان لە كاتی بومەلەرزەكە كەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بەركەوتووە.

محەممەد عەلی ئاماژەشیدا، بە شێوەیەكی گشتی ئەو زیانانەی بەر قەڵاكە كەوتووە زیانێكی ئەوتۆ نییە، بەڵام لە حاڵەتی روودانی بومەلەرزەی دیكە و بە تایبەتی ئەگەر گوڕەكەی لەوانەی پێشووتر بەهێزتربێت، ئەوا ئەگەری ڕووخانی قەڵاكە بە تایبەتی بەشی نهۆمی دووەم و سەرەوەی لە ئارادایە.

قەڵای دێرینی شێروانەی شاری كەلار، خاوەن مێژوویەكی دوورو درێژە و هێمای شارستانی و ئاوەدانی سنووری گەرمیانە و سیمبولی ناوچەكەیە.
Top