سەرۆكی حكومەت لەبارەی دۆخی ئەمنیی سلێمانییەوە هۆشداریی دەدات

 سەرۆكی حكومەت لەبارەی دۆخی ئەمنیی سلێمانییەوە هۆشداریی دەدات
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداریی دەدات لە شێواندنی دۆخی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و دەڵێ لەو بارەیەوە چاوپۆشییان لەسەر هیچ لایەنێك نییە.

نێچیرڤان بارزانی،دوای كۆبوونەوە لەگەڵ حیزبی شیوعی كوردستان، كە وەك سەرۆكی شاندی دانووستاندنكاری پارتی سەردانی كردن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەو بارەیەوە رایگەیاند كە بۆچوونەكانی ئەوان و شیوعی لێكنزیكن.

لای خۆشییەوە كەمال شاكر، سكرتێری حیزبی شیوعی كۆبوونەوەكەیانی بە \"ئیجابی\"" وەسفكرد.

دواترو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە دۆخی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی داو گوتی \""شێواندنی دۆخی ئەمنی سلێمانی بە هەموو شێوەیەك لای ئێمە هێڵی سوورە و لەو بارەیەشەوە چاوپۆشی لە هیچ لایەك ناكەین\"".

راشیگەیاند، كە ئەوان وەك حكومەت رۆڵی خۆیان دەبینن بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان، بەتایبەتی رەواندنەوەی ناكۆكییەكانی لایەنەكان لەو شارە‌و گوتی \""ئارامی و سەقامگیری هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان ئەركی ئێمەیە وەك حكومەت\"".

ئەمڕۆش بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانەی كوشتن، كە لە سێ رۆژی رابردوودا لە شارەكە روویاندا، كەریم شنگاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت گەیشتە سلێمانی.

كەریم شنگاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان،لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، بە (رووداو)ی راگەیاند، كە ئەوان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و بەدواداچوون بۆ رووداوەكان لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچنە سلێمانی.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە كە بە وردیی بەدوای ئەو دۆسیانەدا دەچن. گوتیشی \""ئارامیی دۆخی ئەمنیی سلێمانی، بەشێكە لە ئارامیی هەرێمی كوردستان\"".







رووداو "
Top