بەم زووانە مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا كۆدەبنەوە
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سەردانی حیزبی شیوعی كوردستانی كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ.
لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا لەبارەی سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لای مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، لەمیانی سەردانیكردنی بۆلای بزووتنەوەی گۆڕان بانگهێشتی نەوشیروان مستەفای كردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی.
جەختیشیكردەوە كە بەمزووانە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت و تێیدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی باسدەكرێت.
لەبارەی ئەوەی بۆچی تەنیا نەوشیروان مستەفا بانگهێشتكراوەو سەركردەكانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆن بانگهێشت نەكراون، نێچیرڤان بارزانی گوتی نەوشیروان مستەفا وەك سەرۆكی حیزب بانگهێشتكراوە نەك وەكو لایەنێكی ئۆپۆزیسیۆن، گوتیشی \"سەركردەی لایەنەكانی دیكەش هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە\"".
ئەمڕۆش جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی تاووتوێكردنی ئەو سەردانەی نەوشیروان مستەفا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانووستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەگەری بەشداریكردنیان لە حكومەتی داهاتوو بە سەرپەرشتی رێكخەری گشتیی گۆڕان كۆبوونەوە.
رووداو"
