نێچیرڤان بارزانی: هیچ وەزارەتێك موڵكی هیچ حیزبێك نییە
لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا كە ئەمڕۆ و پاش كۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا ڕێك خرابوو، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەگەری زیادكردنی وەزارەت بۆ كابینەی داهاتوو گوتی، \"پێویست ناكات وەزارەت زیاد بكرێن و وەزارەتەكان هێند زۆرن بەشی هەموو ئەوانە دەكات كە بەشدار دەبن.. هیچ وەزارەتێكیش موڵكی هیچ حیزبێك نییە و پاش ڕێككەوتنیش دەردەكەوێت كە كام وەزارەت بەر پارتی یان حیزبێكی دیكە دەكەوێت.\""
دەربارەی هەرناردەكردنی نەوت بۆ توركیایش لە ڕێی بۆرییە نوێیەكەی نەوتەوە كە وەها بڕیارە لە 2014ـدا بكەوێتە كار، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، \""ڕێككەوتنی ئێمە لەگەڵ توركیا شاراوە نییە و هیودارین كە بۆرییە نەوتییەكە زوو نەوتی پێدا ڕەوانەی توركیا بكرێت. پابەندی پرەنسیپی ڕێككەتنەكانیشمانین لەگەڵ عێراق. ئەم مامەلەیەی ئێمەیش لەگەڵ توركیا و كۆمپانیاكانی تریش بەپێی ئەو دەستەلاتەیە كە دەستووری عێراق پێمانی دراوە. ئەو كۆمپانیایانەیش كە لە هەرێمن و نەزانن كە گرێبەستەكانمان دەستوورین ئامادە نین كارمان لەگەڵ بكەن.\""
زیاتر گوتی، \""بڕوامان بەو پرەنسیپە هەیە كە دەبێ لەگەڵ عێراق بگەین بە رَێككەوتنی چۆنیەتیی دابەشكردنی نەوت. ئەگەر عێراقیش لەسەر ئەو پرەسیپە پابەند بێت ئێمە لاریمان نییە لەوەی پارەی داهاتی نەوت لە هەركوێیەك بێت.\""
ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ شارەزایان و لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لە ڕاوێژداین.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی، \""گەلی كوردستان لە هەڵبژاردندا براوە بووە و بەشدارییش لەسەر بنەمای كورسی نییە، بەڵكە لەسەر بنەمای هاوپەیمانییە و ئەگەر لەگەڵ لایەنەكان ڕێككەوتین ئەوا بەو جۆرە حكوومەت پێك دێنین.\""
زیاتر ڕوونی كردەوە \""پێوەری پێكهێنانی كابینەی نوێ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هاوبەشە و پێمان خۆش دەبێت كە لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا حكوومەت پێك بینین\""، هەروەها دەڵێت \""ئەوەی بە لامانەوە گرینگە پۆست نییە و بەرنامەی كابینەكەیە، بۆیە ئەم پرسە دەكەوێتە پاش كۆكبوون لەسەر بەرنامە و پاشان میكانیزم بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دادەنرێت.\""
دەربارەی ئەوەیش كە لە كاتی بەشدرایی لایەنەكان لە حكوومەت و هەمان كات ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش ببینن، گوتی ئەمە مەسەلەیەك نییە كە ڕەوا بێت، چونكە ئەوەی بەشدار دەبێت بە بەرنامەی حكوومەت ڕازییە، ڕەوایش نابینرێت پاش بەشداریكردن ڕەخنە لە حكوومەت بگرێت.
ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، عیرفان عەبدولعەزیزیش لای خۆیەوە ڕایگەیاند، \""هێشتا زووە كە بڕیار بدەین كە بەشدار دەبین یان نا، لە داهاتوودا ئەم پرسە یەكلا دەبێتەوە.\""
گوتیشی، \""هەر پرسێك كە پێوەندی بە پێكهێنانی حكوومەتەوە هەبێ ئەمە لە داهاتوودا یەكلا دەبیچتەوە و ئەوەیشی لە بزووتنەوەی ئیسلامی وەها قسەیەكی كردبێت كە بە كەمتر لە كورسییەك رازی نابن، ئەمە جارێ لێداونە و ڕای فەرمیی بزووتنەوە نییە.\""
ئەمڕۆ شەممە، جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و راسپێردراو لەلایەن حیزبەكەیەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی كرد و، وەهایش بڕیارە سەردانی هەریەك لە حیزبی سۆسیالیست، شیوعی و ئاراستەی سێیەمیش بكات، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنێتیی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە كابینەی حەوتەمدا بزووتنەوەی ئیسلامی بە وەزیری ئەوقاف بەشداریی لە حكوومەتدا كردووە، بەڵام ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كورسییەك كەمی كرد، بۆ كابینەی هەشتیش مەرجی هەیە و داوای بەشدارییەكی كارا دەكات و وەك ئەوەی لە زاری بەرپرسانییەوە بسیتراوە، لە وەزیرێك كەمتریان ناوێت.
شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات بۆ سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی پێكهاتووە لە فازڵ میرانی، د.رۆژ نووری شاوێس، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد و دڵشاد شەهاب و هەروەها تەها بەرواری."
