دواین زانیاری لە بارەی تەقینەوەکەی سەعدییە

دواین زانیاری لە بارەی تەقینەوەکەی سەعدییە
دوای ئەوەی بەیانی ئەمرۆ لە ناو بازاری شارەدێیی سەعدییە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراو تەقییەوە، بە پێی دواین ئامار، ٢٩ھاووڵاتی کوژران و ھەروەھا ٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون، بە وتەی سەرچاوەیەکیش زۆربەی کوژراوەکان کەسانی پیرەمێرد و بە تەمەنەکانن.

لەو بارەیەوە بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەعدییە، حاکم حەسەن بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی بەیانی ئەمرۆ لە ناو بازارێکی میللی شارەدێی سەعدییە لە بەردەم چایخانەیەک ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراو تەقییەوە، بە پێی دواین ئامار کە ئێوارەی ئەمرۆ لە نەخۆشخانەکانی سنورەکە بە دەستیان گەیشتووە، ٢٩ ھاووڵاتی کوژران و ھەروەھا ٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون و کە ژمارەیەکیان برینەکانیان سەختە.

حاکم حەسەن ئاماژەشیدا، زۆربەی کوژراوەکان، کەسانی پێرەمێرد و بە تەمەنەکانن کە لە ناو چایخانەکەدا بوون.

وتیشی، لە دوای رووداوەکە لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە، بەڵام ھیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە چالاکوانانی سنووری خانەقین، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن سەردانی نەخۆشخانەی گشتی ناوچەکە بکەن چونکە ژمارەیەک لە بریندارەکان پێویستیان بە خوێن ھەیە.

ھەفتەی رابردووش لە کاتی یادکردنەوەی مەراسیمی عاشوردا، لە گوندێکی سنووری شارەدێی سەعدییە خۆکوژێک لە ناو ھاووڵاتیان خۆی تەقاندەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتی کوژران و برینداربوون.
Top