کەلار.. ناوی ئەو کەسانە راگەیاندرا کە شوقەیان بۆ دەرچووە

کەلار.. ناوی ئەو کەسانە راگەیاندرا کە شوقەیان بۆ دەرچووە
پاش ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا لە شاری کەلار ٧٢ شوقە بۆ ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی کەمدەرامەت دروستکرا و و فۆرم بۆ وەرگرتنی ئەو شوقانە پڕکرایەوە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی ئاماری گەرمیان ووردبینی بۆ فۆرمەکان ئەنجامداوە و ریزبەندی ناوەکانیش کراوە و بە پێی ریزبەندییەکە شوقەکان دابەشدەکرێت.



لەو بارەیەوە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان یونس ئەحمەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێم، فۆرم بەسەر ھاوڵاتیان و فەرمانبەراندا دابەشکراوە و لە ئێستاشدا بەپێی پێویستی وردبینی و ریزبەندی بۆ ناوەکان کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی شوقەکان.

وتیشی: ھەر ھاوڵاتی و فەرمانبەرێک کێشەی لەگەڵ ریزبەندییەکەدا ھەبێت، دەتوانێت لە رۆژی یەکشەممەی داھاتووەوە (٢٤ی تشرینی دووەم) بۆ ماوەی دوو ھەفتە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری گەرمیان بکات بە مەبەستی وەرگرتنی روونکردنەوە و دوابەدوای ئەوەش ناوەکان دەنێردرێتە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر ھیچ خانوو و زەوییەکیان بە ناوەوە نەبێت، بەپێی ریزبەندییەکە شوقەکانیان بەسەردا دابەشدەکرێت.

روونیشکردەوە: شوقەکان کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە دروستکراوە، خۆی لە ٧٢ شوقە دەبینێتەوە و دەکەوێتە نێوان گەڕەکی بەردەسور و گەڕەکی گۆرانی شاری کەلار، ٣٦ شوقەی دەدرێتە فەرمانبەران و ٣٦ شوقەی بۆ ھاوڵاتیان دەبێت، نرخی شوقەکانیش ٣٠ ملیۆن دینارە و بە قیستی ٢٥ ساڵ دەدرێتەوە.
Top