زانكۆی راپەڕین: كردنەوەی بەش و كۆلێژی زانستی لە دەسەڵاتی ئێمە نیە
ئاراس رەمەزان ، لە لێدوانێكدا بە پەیامنێری راگەیاند: هەندێ راگەیاندن وایان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە كۆلێژێكی (شەریعە) لەزانكۆی راپەڕین دەكرێتەوە كە ئێمە لە ئێستادا ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە و كاتێك زانكۆی راپەڕین بەپێویستی بزانێت ئەگەری هەیە لە ئایندەدا بەشی شەریعە دەكاتەوە نەك كۆلێژی شەریعە.
گوتیشی، بۆ زانیاری زیاترو بەرچاو ڕوونی میدیاكان و هاووڵاتیانی سنورەكە كردنەوەی بەش و كۆلێژی زانستی لەهەر زانكۆیەك لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم دایە و زانكۆكان تەنیا پێشنیاز دەكەن بەپێی پێویستی و زەروریەتی زانستی ناوچەكە و بوونی هەموو پێداویستیەكان لەو بوارە پسپۆڕیەدا ئینجا رەزامەندی لەسەر دەدرێت.
ئاراز رەمەزان هێمای بۆ ئەوەشكرد: كە زانكۆی راپەڕین لەم قۆناغەدا بەپێویستی دەزانێت لەسنورەكەدا زیاتر بەش و كۆلێژی زانستی بكرێنەوە بۆ دەڤەرەكەو لەو ڕووەشەوە لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لەساڵانی ئایندەدا بەشە زانستی و كۆمەڵایەتیەكان لە زانكۆكەدا بكرێنەوە.
