مەسرور بارزانى: پێویستە کادیرانى پارتى لە ناو جەماوەردابن
لە رێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، پیرۆزبایی لە قوتابیانى دەرچوى خولەکە کرد و سوپاسى هەوڵ و ماندوبوونى مامۆستایان و دەستەى بەڕێوەبردنى ئەکادیمیاى پارتى کرد. دواتر لە وتەیەکیدا، مەسرور بارزانى ئاماژەى بە رۆڵى پارتى کرد لە پێشکەوتنى ئەزمونى هەرێمى کوردستان و رێکخستنەوەى نێو ماڵى کورد، هەروەها یەکگوتارى کوردى بە ئەولەویاتى خەباتى نەتەوەییانەى پارتى لە قەڵەمدا و تیشکى خستە سەر گرینگى بەهێزبوونى پارتى بۆ بەردەوامی و پێشخستنى ئەزموونى دیموکراسى هەرێم و گەیشتنى گەلەکەمان بە گشت مافە رەواکانى.
مەسرور بارزانى کاراتر بوونى رۆڵى کادیرانى پارتى لە نێو خەڵکدا بە پێویستى قۆناغەکە زانى و گوتى: فەلسەفەى رێبازى بارزانى ئەوەیە کە کادیرانى پارتى لە ناو خەڵک بن و ئاوێتەى خەم و ئازار و کێشەکانى جەماوەربن، فاکتەرى سەرکەوتنەکانى پارتیشى بۆ بە پاڵپشتى جەماوەرى کوردستان لە پارتى گەڕاندەوە. دواتر قادر قەچاخ بەرپرسى ئەکادیمیاى پارتى بە ناوى قوتابیان و مامۆستایانەوە سوپاسى هەوڵ و پاڵپشتیە بەردەوامەکانى (مەسرور بارزانى) کرد بۆ خولە یەک لە دواى یەکەکانى ئەکادیمیاى کادیرانى پارتى.
لە کۆتاییشدا، لە لایەن (مەسرور بارزانى)ەوە خەڵاتى رێزلێنان بەخشرایە قوتابیان و مامۆستایانى خولى 18ى ئەکادیمیاى پارتى، بە بۆنەى کۆتاییهاتنى خولەکە.
