نێچیرڤان بارزانی: هەموو لایەنەكان خواستی بەشداریكردن لە حكومەتیان هەیە
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی شاندی دانووستاندنكاری پارتی و راسپێردراو لەلایەن حیزبەكەیەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی باسیان لە وردەكاریی كۆبوونەوەكەیان كرد.
نێچیرڤان بارزانی و عەلی باپیر رایانگەیاند، كە كۆبوونەوەكەیان ئیجابی بووەو ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش گوتی \"گەشبینین بگەینە ئەنجامێكی باش بۆ بەشداریكردنمان لە حكومەت\"".
راشیگەیاند لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن مەرجیان لەسەر یەكتر دانەناوە بۆ ئەوەی پێكەوە بەشداریی حكومەت بكەنو جەختیشیكردەوە، كە كۆمەڵی ئیسلامی نەیگوتووە بێ گۆڕان و یەكگرتوو بەشداریی حكومەت ناكات.
عەلی باپیر داواشیكرد كابینەی داهاتوو كابینەیەكی بنكەفراوان بێت و حكومەتی ئایندەش هەستیار نەبێت بەرامبەر ئەو پرۆژانەی لایەنەكانی دیكە دەیخەنەڕوو بۆ چاكسازیی.
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: \""لەمیانی سەردانەكانمان بۆ لای لایەنەكان ئارەزووی بەشداریكردنیانمان لە حكومەت گوێ لێبوو\"". جەختیشیكردەوە كە هەوڵدەدەن خاڵە هاوبەشەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنی هەموو لایەنە براوەكان كۆبكەنەوەو بیكەنە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی حكومەت.
سەبارەت بە یەكەم سەردانی شاندی پارتی بۆلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئێستا هێزی سێیەمە، نێچیرڤان بارزانی گوتی \""سەردانی یەكەممان بۆ لای یەكێتی بە مانای ئەوە نییە ئەجێندایەكی تایبەتمان هەبووبێ، ئێمە دوو حیزبی هاوپەیمانین و هاوپەیمانێتیش بە ژمارەی كورسی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێ\"".
لە درێژەی سەردانەكەنیدا بۆ لای لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 21ی ئەیلوول بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارە هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامیش بكات.
رووداو "
