نێچیرڤان بارزانی: یەكگرتوو مەرجی تەعجیزی نییە

 نێچیرڤان بارزانی: یەكگرتوو مەرجی تەعجیزی نییە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی تاووتوێكردنی چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیان كرد.

شاندەكەی پارتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و راسپێردراو لەلایەن حیزبەكەیەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت سەرۆكایەتی دەكات‌و شاندی دانووستاندنكاری یەكگرتووی ئیسلامیش محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە سەرۆكایەتی كرد.

دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی و محەممەد فەرەج رایانگەیاند، كە گفتوگۆیان كردووە لەبارەی كارنامەی چوار ساڵی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی \"لە گفتوگۆكاندا دەركەوت یەكگرتوو مەرجی تەعجیزی نییە\"". ئەمینداری یەكگرتووش گوتی سەردانەكانی نێچیرڤان بارزانی ئیجابیاتی زیاترە.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیشدا سەبارەت بە چۆنێتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی گوتی \""شەڕی ئێمە لەسەر پۆست نییە، بەڵكو دەمانەوێت لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێكبكەوین، كە بەمشێوەیە حكومەتیش دەبێتە حكومەتێكی هاوبەش\"".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (رووداو) سەبارەت بە هاتنی شاندێكی ئێرانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی پشتڕاستیكردەوەو گوتی \""خۆم لەگەڵیان دانیشتووم و مەبەستی هاتنەكەیان بۆ ئەوەیە كە دڵنیاببنەوە لە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان\"".

نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە گفتوگۆكانی ئەوان وەك لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەناچێت، بەڵكو وەكو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كۆدەبنەوە.

لای خۆشیەوە محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رایگەیاند، كە ئەوان هێشتا بڕیاری چوونە نێو حكومەتیان نەداوە. ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆشی وەك گفتوگۆیەكی لێكتێگەیشتن لەقەڵەم دا‌و گوتی \""بابەتی بەشداریكردنمان هەڵگرتووە بۆ كۆبوونەوەی لیژنە سەرەكییەكانی دواتر\"".

تاوەكو ئێستا شاندەكەی پارتی، لە كۆی 8 لایەنی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 21ی ئەیلوول، سەردانی (یەكێتی، گۆڕان و یەكگرتوو)یان كردووەو بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ سەردانی كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بكەن.






رووداو "
Top