مانگی داهاتوو مامەڵەی تازەی كەمئەندامان دەستپێدەكاتەوە
بەسەرپەرشتی ئاسۆس نەجیب\" وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و نوێنەری رێكخراوەكانی كەمئەندامان، ئەنجومەنی چاودێری و شیاندنی كەمئەندام و خاوەن پێداویستە تایبەتەكان كۆبۆوە. لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا وەزیری كار لە وتەیەكدا ئاماژەی بە كارەكان كرد لە چوارچێوەی جێبەجێ كردنی یاسای كەمئەندامان و بڕگەی بەخێوكەری كەمئەندامان و ئاسانكاری زیاتر بۆ كەمئەندامان بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەكانیان.
لەتەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتی كەمئەندامان ئەنجومەنەكە بڕیاریدا لە 1/12/2013 وە دەست دەكرێتەوە بە وەرگرتنی مامەڵەی تازەی كەمئەندامان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی وەزارەت لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان و سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكان لەقەزاكاندا.
ئامانج لەم بڕیارەی وەزارەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ئەو كەمئەندامانەیە كە تا ئێستا مامەڵەی كەمئەندامییان نەكردووە و سودمەند نین لە وەرگرتنی موچە. بۆ ئەم مەبەستە لە 1/12 وە ئەو كەمئەندامانەی تا ئێستا مامەڵەی كەمئەندامییان نەكردووە و سوودمەند نەبوونە لە موچە، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی وەزارەت لەشارو شارۆچكەكان مامەڵەكانیان لێوەدەگیرێت و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی ناوەكانیان بۆ وەزارەتی دارایی بەمەبەستی سوودمەند بوون لە مووچەی مانگانە بەرز دەكرێتەوە."
