كارمەندانی گرێبەست خزمەتیان ئەژمار دەكرێت
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (39) كە لە 12/11/2013دەرچووە، بڕیاری داوە كە ماوەی كاركردنی گرێبەست بخرێتە سەر خزمەتی وەزیفی.
لە خاڵێكی رێنماییەكە ئەوە خراوەتەروو كە لە دوای 9/4/2003 هەر فەرمانبەرێك بە گرێبەست كاری كردبێت و پاشان بە فەرمی دامەزرابێت ئەوە خزمەتەكەی دەخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەری.
هەوەكو لە نێوەرۆكی ڕێنماییەكە هاتووە:هەژماركردنی ڕاژەی كارمەندانی بەگرێبەست دامەزراو لەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە پاش 9/4/2003 بۆ مەبەستەكانی سەرموچە و پلە بەرزكردنەوە.
لە رێنماییەكە ئەوەش خراوەتەروو كە ئەو خزمەتە بۆ ئەو كەسانە ئەژمار دەكرێت ئەگەر لە فەرمانگەی خۆی بێت یان لە فەرمانگەیەكی تر بێت، بەو مەرجەی پشكی خانەنشینی لێ وەربگیرێت بە پێی ئەو بروانامەی پێ دامەزراوە.
رەشید تاهیری بریكاری وەزارەتی دارایی بە هەفتەنامەی (باس)ـی راگەیاندووە، ئەو فەرمانبەرانەی كە خزمەتی كاركردنی گرێبەستیان هەبووبێت تا ئەو رۆژەی دەستبەكاربوونە، وەكو فەرمانبەر ماوەی كاركردنیان بە گرێبەست بۆ بە خزمەت ئەژمار دەكرێت، گوتیشی: بڕیاری ئەژماركردنی خزمەتی گرێبەست وەكو پێویست جێبەجێ نەدەكرا، بۆیە ئەو بڕیارە تازەمان دەركرد كە فەرمانبەرێكی زۆر لێی سودمەند دەبن.
بریكاری وەزارەتی دارایی ئاماژەی دا كە مەرجی ئەژماری خزمەتەكەش ئەوەیە كە لە لایەن دامەدەزگاكانیان بۆیان ئەژمار بكرێت، گوتیشی: بڕیارەكە ئەوانە دەگرێتەوە كە لە دوای 9/4/2003 بە گرێبەست دامەزراون واتا ئەوانەی پێش ئەو بەروارە ناگرێتەوە، ئەو خزمەتەش بۆ موچە بەرزركردنەوە و ناونیشان گۆرین كاریگەری خۆی دەبێت و دەبێت هەموو فەرمانگەكان پابەندی جێبەجێكردنی بن.
وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە كە هەموو ئەو كارمەندانەی كە 3 ساڵ خزمەتی گرێبەستیان هەیە ئەمساڵ دەكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی . رەشید گوتی: دوای دامەزراندنیان و چەسپاندنی ماەی كاركردنیان، ئەو 3 ساڵەشی كە بە گرێبەست كاریان كردوە بۆیان دەخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەری و بە خزمەت بۆیان ئەژمار دەكرێت.
بە پێی زانیاریەكان ژمارەی كارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی حكوومەت 22 هەزار كەسە كە لەو ژمارەیە نزیكەی 14 هەزاریان لە وەزارەتی شاروانین.
مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست بەرزترینی 800 هەزاردینارە و كەمترینیشی 250 هەزاردینارە، بەڵام هیچ ئیمتیازێكیان نییە، هەر زیادبوونێكیش لە مووچەی فەرمانبەرانی گشتی ئەوان ناگرێتەوە.
